ترامپ سەرسوڕمان لە بە کەفالەت ئازادکردنی هێرشبەرانی بنکەی ڕاف فێرفۆرد دەردەبڕێت

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ سەرسوڕمانی خۆی لە ئازادکردنی ئەو پێنج کەسە ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی ڕاف فێرفۆرد لە بەریتانیا. وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆش جەخت دەکاتەوە لە هەبوونی "دەستی دەرەکی" لە ڕووداوەکەدا.

ڕۆژی یەکشەممە دەستەڵاتدارانی بەریتانیا پێنج گومانلێکراویان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تەقینەوە و تیرۆر لە نزیک بنکەی ئاسمانیی ڕاف فێرفۆرد دەستگیر کرد، کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەکارهێنراوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ڕۆژێک دواتر ئەو پێنج کەسە، کە هاووڵاتی بەریتانیان، بە کەفالەت ئازاد کران.

سەرۆک ترامپ سەبارەت بەم هەنگاوەی دەستەڵاتدارانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "سەرم سوڕماوە لە ئازادکردنیان، من بومایە وام نەدەکرد."

ترامپ ئێوارەی دووشەممە لە کۆشکی سپی لێدوانی بۆ پەیامنێران دا و ئاماژەی کرد بەوەی دەستەڵاتدارانی بەریتانیا "زۆر لە نزیکەوە" لەگەڵ ئەمەریکا لەو بارەیەوە کاردەکەن، بەڵام "ئێمە بوینایە ئازادمان نەدەکردن."

هاوکات مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس وتی، "ئەوەی ڕوویدا بە ڕوونی دەستی کارای دەرەکی لەپشتە."

هەرچەندە روبیۆ وتی کە ناتوانێت لەسەر تەلەفزیۆن وردەکارییەکان باسبکات و سوپاسی هاریکاریی دەستەڵاتدارانی بەریتانیای کرد لەو پرسەدا، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە "هەندێک کەس ناڕەحەتن لەوەی گومانلێکراوەکان ئازاد کراون."

پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو ئەو بکەیە "ئامانجێکی ڕەوایە" بۆ ئێران لەبەرئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بەکاری دەهێنن بۆ هێرشەکانیان.