دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە کردنەوەی گەورەترین کارگەی پۆڵای لە مێژووی ئەمەریکادا ڕاگەیاند.
کارگەکە لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئایۆوا دەبێت و بە بڕی 15 بلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت کە گەورەترینە لەسەر ئاستی ئەمەریکادا.
سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونم، باجی گومرگیم بە ڕێژەی 50٪ سەپاند بەسەر بەرهەمی پۆڵای دەرەکی. ئێستاش پیشەسازی پۆڵای ئێمە بە هێزەوە گیانی بەبەردا دێتەوە."
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند بەشێکی زۆر لە کۆمپانیا جیهانییەکان بنکەی بەرهەمهێنانی پۆڵایان بۆ ناو خاکی ئەمەریکا گواستووەتەوە و لە ئێستادا ئەمەریکا پێش ژاپۆن کەوتووە لە بەرهەمهێنانی پۆڵادا.
کۆشکی سپی دەڵێت ئەمە بەشێکە لە پلانی سەرۆک ترامپ بۆ بوژاندنەوەی وەبەرهێنانی ئەمەریکا و پەرەپێدان بە دەستی کاری ناوخۆیی.
پرۆژەکە لە لایەن مێسابی مێتاڵیکس کە بنکەکەی لە ویلایەتی مینۆسۆتایە جێبەجێ دەکرێت.