ترامپ: لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و ئەمەش بەم زووانە ڕوودەدات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگ و خۆڕادەستکردنی ئێران نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و وتیشی شەوی ڕابردوو بڕێکی بێ وێنەی نەوت بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە.

سەرۆک ترامپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی یەکشەممە 27ی مانگی نۆ پێش ئەوەی سواری مارین وان بێت لە ڕێگای ویلایەتی ئیلینۆیز، ڕایگەیاند پێشبینی دەکات فشارەکان لەسەر نرخی نەوت لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕەکە کەم ببێتەوە و نرخەکەی دابەزێت.

سەرۆکی ئەمەریکا وتی "هەر کە شەڕ کۆتایی پێهات و ئێران خۆی رادەست کرد کە بەم زووانە دەبێت، نرخی نەوتیش بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت."

سەرۆک ترامپ هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی تەنگەی هورمز کرد و ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو بڕێکی بێ وێنەی نەوت بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕیوە.

کۆشکی سپی مانگی پێشوو ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتییان لە تەنگەی هورمز لە مین پاککردۆتەوە و نزیکەی هەزار و 500 کەشتی بازرگانی کە نزیکەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو لە ژێرچاودێری و پاراستنی ئەمەریکادا بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕیون.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەدۆخی ئابووری ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند ئێستا نەوت هەرزانترە لەوەی لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا هەبووە. وتیشی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەمەریکا دامەزراون و هەلی کاریان بۆ دروستبووە وهەروەها داهاتی خەڵک و پێوەرەکانی پەیوەست بە کەمکردنەوەی هەژاری لە ئاستێکی بێ وێنەدان و گەشەیان کردووە.