سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆکی چین کرد

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە شی جین پینگ سەرۆکی چین و شاندی یاوەری کرد.

سەرەتا دۆناڵد ترامپ لە هۆڵی گراند فۆیەر لە کۆشکی سپی گوتاری بەخێرهاتنی پێشکەش کرد و گوتی ''سەرۆک شی و خاتوو پانگ لە کاتێکی گرنگ بۆ ئەمەریکا گەییشتن کە کاتی 250 ساڵەی دامەزراندنی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە.''

سەرۆک ترامپ جەختی لە فراوانکردن و هەماهەنگیی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و بۆ ئەمەش ڕووداوە مێژووییەکانی بە بیر هێنایەوە و گوتی '' ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان چین و ئەمەریکادا پەرە پێ دەدەین هەر وەکوو باب و باپیرانمان لە زەریا پەڕینەوە بۆ ئەوەی بازرگانی بکەن و لە یەکدییەوە فێر ببن لە پێناو دروستکردنی جیهانێکی باشتر بۆ هەمووان.''

لە دوای گوتاری سەرۆک ترامپ، شی جین پینگ سەرۆکی چین گوتاری شاندی میوانی پێشکەش کرد و سوپاسی ئەو میواندارییە بێوێنەیەی ئەمەریکاییەکانی کرد. شی جی پینگ گوتی ''من و سەرۆک ترامپ ڕێز لە یەکدی دەگرین و متمانەمان بە یەکدی بونیاد ناوە و لە پەیوەندیی بەردەوامداین.''

هەروەها سەرۆکی چین هیوای خواست کە ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هەیەتی ڕەنگ بداتەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا و گوتی ''هانی کارمەندان و دەسەڵاتدارانی هەردوو دەوڵەت دەدەین کە پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن و هەماهەنگیی زیاتر لە بوارەکانی پەیوەندیی دەرەوە و کێشە ئابوورییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا و ئاڵوگۆڕی کولتووریدا بکەن.''

دواتر هەردوو سەرۆک لە باڵکۆنی کۆشکی سپییەوە بینەری نماییشێکی سەربازانی ئەمەریکا بوون کە بۆ ڕێزلێنان لە شاندە چینییەکە ڕێک خرابوو. دوای نماییشەکە بەشداری کۆبوونەوەی تایبەتییان کرد.

وا چاوەڕوان دەکرێت هەردوو سەرۆک گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی وەکوو ئاساییش، ئابووریی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی بکەن.

شایەنی باسە سەرۆکی چین چەند ڕۆژێک لە واشنتنی پایتەخت دەمێنێتەوە و هەر وەکوو سەرۆک ترامپ ئاماژەی پێ دا سەردانی چەندین شوێنی گرنگی ئەمەریکا دەکات لە ناویاندا باڵاخانەی ئەرشیفی نیشتمانی.