ئانا کێڵی جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە 23ی مانگی نۆ لە کاردانەوە بە وتارەکەی مەسعود پزشکیان لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامی هەزاران خەڵکی خۆی کوشتووە و جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک ترامپ ڕێگە نادات ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
کێڵی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کۆماری ئیسلامی جگە لە کوشتنی هەزاران خەڵکی ئێران، لە دەرەوەی وڵاتەکەش ئەمەریکاییەکانی کردووەتە ئامانج و کردەوەی تیرۆریستی لە تەنگەی هورمز ئەنجامداوە و هێرشیشی کردووەتە سەر دراوسێکانی.
جێگری وتەبێژی کۆشکی سپی وتیشی سەرۆک ترامپ هەوڵ دەدات دڵنیابێت لەوەی کۆماری ئیسلامی "هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت" و گەیشتن بەم ئامانجەش جیهان دەکاتە شوێنێکی سەلامەتتر و سەقامگیرتر.
ئەو کاردانەوەیە دوای ئەوە هات کە پزشکیان لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە ئەمەریکا گرت و ئەو قسانەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی لە تیرۆر دەکات ڕەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە تاران بەدوای چەکی ئەتۆمیدانییە. هەروەها شاندەکەی ئەمەریکا لە کاتی وتارەکەیدا لە هۆڵی کۆبوونەوەی گشتی هاتنە دەرەوە.