سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ پێشوازی لە سەردانی فەرمی شی جینگ پینگی سەرۆکی چین لە کۆشکی سپی دەکات، وەک بەشێک لە کۆبوونەوەی لوتکەی رۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی ڕاییکردنی رکابەریی توندی نێوان هەردوو هێزە جیهانییەکە لە بوارەکانی بازرگانی، تەکنەلۆجیا، و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ جیهانییەکان.
بڕیارە شی رۆژی چوار شەممە بگاتە واشنتن. ئەمەش شەشەم سەردانی شیە بۆ ئەمەریکا، پاش ئەوەی 2013 بووە سەرۆکی چین و بۆ یەکەمجاریش ساڵی 2015 سەردانی فەرمی بۆ کۆشکی سپی ئەنجامدا.
گرنگترین بابەتەکانی بەرنامەی کاری ترامپ لەم لوتکەیەدا بریتیە لە کورتهێنانی درێژمەودای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەمەریکا لەگەڵ چین و هەوڵەکانی ترامپ بۆ هێشتنەوەی باڵادەستی ئەمەریکا بەسەر چیندا لە بواری ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆجیای سێمی کۆندەکتەر.
کۆشکی سپی رایگەیاندا لەکاتی گەیشتنی شی بە بنکەی سەربازیی ئەندروز، سەرۆک ترامپ پێشوازیی دەکات پاشان مەڕاسیمی گەیشتنی میوانداریی فەرمی لە باخچەی باشوری کۆشکی سپی رۆژی پێنجشەممە ئەنجامدەدرێت. ئەو مەراسیمە بە نمایشێکی سەربازیی دەستپێدەکات کە 479 سەربازی ئەمەریکی بەشداری تێدادەکەن هاوکات لەگەڵ فڕینی فڕۆکەی جەنگیی B-2 ی سپیریت و F-22 ی راپتەر.
پاش ئەوەی دوو سەرکردەکە ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی لوتکە ئەنجامدەدەن، سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەم، میلانیا ترامپ، میوانداریی شی و پێنگ لیوانی هاوسەری دەکەن لەسەر خوانی فەرمیی لە ژووری بەشی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی. سەرلەبەیانی رۆژی هەینیش چای بەیانی دەخۆنەوە لە ژووری سوور لە کۆشکی سپی. کۆتایی سەردانەکەش بە چوونی هەردوو سەرۆک و هاوسەرەکانیان دەبێت بۆ ئەرشیفی نیشتمانی لە واشنتن بۆ تەماشاکردنی بەڵگەنامە پەیوەستەکان بە مێژووی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و چین.
هەینی ڕابردوو سەرۆک ترامپ لە وتەیەکیدا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنوسانی وت، چاوەڕوان دەکات کۆبوونەوەیەکی "زۆر باش" لەگەڵ سەرۆکی چین ئەنجام بدات، و ئەوەشی وتبوو کە "پەیوەندیمان لەگەڵ چین زۆر باشە، و من و سەرۆک شی پەیوەندیی باشمان هەیە."
مۆنیا کرۆوڵی سەرۆکی پرۆتۆکۆلەکان ئەمەریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ڕاگەیاند گەورەیی ئەو بۆنە سێ رۆژییە "رەنگدانەوەی گرنگیی پەیوەندیی دووقۆڵیمانە و ئەو مەسەلە ستراتیژییانەش کە کاریگەرییان لەسەر هەردوو وڵات و جیهانیش هەیە."
شی مانگی پێنج میوانداریی سەرۆک ترامپی کرد لە لوتکەیەکدا کە تێدا میانخۆشیی هەردوو سەرکردە خرانەڕوو و ڕاشگەیەندرا کە هەردوولا خوازیاری "پەیوەندییەکی بونیاتنەری سەقامگیریی ستراتیژین" لە کاتێکدا ناکۆکییەکان و سەرچاوەی گرژییەکان بە چارەسەرنەکراوی مانەوە.
ساڵی پار سەرۆک ترامپ گومرگی لەسەر هاوردەی چینی زیادکرد، بەمەبەستی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانی لەگەڵ چین بۆ 202 ملیار دۆلار، کە کەمترینە لە ساڵی 2004وە. چینیش لە تۆڵەی ئەوەدا گومرگی بەسەر هەناردەی ئەمەریکادا سەپاند.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن بی سی رۆژی دووشەممە سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا رایگەیاند، کە رێکەوتنی گومرگی مانگی 10 ی 2025 لەنێوان ئەمەریکا و چین کە بڕیارە 10 ی مانگی یانزە کۆتایی بێت، "خاڵی بایەخ" بووە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێشتری لەگەڵ هی لایفێنگ ی سەرۆک وەزیرانی چین لە نیویۆرک. ئەو رێککەوتنە بەرزترین ڕادەی دیاریکردووە کە هەردوولا دەتوانن بیسەپێنن بەسەر هەناردەکردندا لە وڵاتەکەی دیکەوە، و هیچ قسەیەک نەکراوە لەسەر درێژکردنەوەی ئەو رێککەوتنە.
لەبارەی ئەو رێکەوتنەوە لەسەر گومرگ، بیسێنت وتی "ئێمە لە پاییزی ڕابردووەوە سەقامگیرییەکی باشمان هەبوو لە پەیوەندییەکاندا. و بڕوام وایە ئەوە دەهێڵینەوە."
بێسێنت ئەوەشی وت کە لە گفتوگۆکانی رۆژی یەکشەممەدا ئەمەریکا و چین رێککەوتن لەسەر گفتوگۆکردن بۆ بەفەرمیکردنی دیالۆگ لەبارەی ژیریی دەستکرد و "ئەگەریشی هەیە" لە وادەی دوو مانگی دیکەدا دووبارە لە شێنجین لە چیین کۆببنەوە.
وەک بەشێکیش لەو دیالۆگە، وتی کە ئەمەریکا دەیەوێت هێڵێکی پەیوەندیکردن لەگەڵ چیین بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی رووداوەکانی ژیریی دەستکرد و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، "جا ئایا ئەیجنتی ژیری دەستکردبێت کە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت یاخود کارای سایبەری نا دەوڵەتیی کە چەکی بایۆلۆجییان هەیە."
جەیمەسن گریەر، نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، کە هاوەڵی بێسێنت بوو لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، دواتر بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند ئەمەریکا باسی کۆنترۆڵی خۆی لەسەر هەناردەکردنی مایکرۆ چیپی پێشکەوتوو و بەرهەمهێنانی سێمی کۆندەکتەری بۆ چیین نەکردووە.
بەکیین داوای دەست شلکردنی ئەمەریکای کرد لە کۆنترۆڵکردنی ئەو بابەتانەدا، لە کاتێکدا کە خۆی کۆنترۆڵی هەناردەکانی کانزا دەگمەنەکانی چین دەکات بۆ ئەمەریکا کە کەرەستەی خاوی گرنگن لە پیشەسازییدا. چین لە جیهاندا باڵاییە لەڕووی لە دابینکاریی ئەو کانزایانەوە و ئەمەریکاش فشار دەخاتە سەر چین بۆ ئەوەی دەستی شل بکات لەو کۆنتڕۆڵەدا.
بێسێنت لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی کە قسەی لەگەڵ لایەنی چینی کردووە لەبارەی پەیوەندی نزیکی ئەوان لەگەڵ ئێران، کە ئەمەریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی رژێمی تیرۆریستی لە مانگی دووەوە سزای ئابووری قورسی بەسەردا سەپاندووە.
ترامپ مانگی حەوت لە تروس سۆشیان بڵاویکردەوە کە شی لەوادەی کۆبونەوەی لوتکەکەی مانگی پێنجدا بەڵێنی داوە "لە هیچ بارێکدا" چەک نەدات و نەفرۆشێت بە تاران. مانگی دواتر، ترامپ پۆستێکی دیکەی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لەوەی "هەر" وڵاتێک "هەر جۆرێک کۆمەک" بدات بە ئێران رووبەڕووی "سزای ئابوریی سەخت دەبێتەوە". چیین ماوەیەکی زۆر یەکەم کڕیاری نەوتی ئێران بوو، ئەو داهاتی نەوتەش سەرچاوەی سەرەکی داهاتی رژێمی ئێران بوو.
بەلای شییەوە هەرە گرنگترین ناکۆکیی لە پەیوەندی دووقۆڵییدا بریتییە لەوەی کە ئەمەریکا چەک دەفرۆشێت بە تایوان، کە دیموکراسیەتێکی خودحوكمڕانە و هاوبەشێکی ئەمەریکایە، کە بەکیین بە پارێزگایەکی جیابوەوە وەسفی دەکات.
چین ماوەیەکی زۆرە داوا لە ئەمەریکا دەکات کۆتایی بهێنێت بە چەک فرۆشتن بە تایوان. ترامپ لە دوای لوتکەکەی مانگی پێنج بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندا کە ئەو رێکەوتنێکی چەک فرۆشتنی 14 ملیار دۆلاریی بە تایوان "بەشێوەیەکی کاتیی" راگرتووە و وتیشی "راستیت پێبڵێم، ئەمە کارتێکی باشی دانوساندنە."
ترامپ و شی ئەمساڵ دوو بۆنەی دیکەیان بۆ کۆبوونەوە لەبەردەمەدایە. یەکێکیان میوانداریی سەرکردەکانی کۆڕبەندی ئابوریی ئاسیا و زەریای هێمن لەلایەن چینەوە لە مانگی یانزەدا لە شێنجێنی چین. و ئەمەریکاش میوانداریی گروپی 20 ی ئابورییە پیشەسازی و گەورەکانی جیهاندەکات لە لوتکەی ئابووری لە مەیامی لە مانگی دوازدەدا.