دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە فەرمانێک، مارکۆ ڕوبیۆی وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە فەرمی دەستنیشان کرد، بەمەش ئەو پۆستەی ڕوبیۆی هەمیشەیی کردووە کە لە مانگی چواری ساڵی 2025ەوە بەشێوەیەکی کاتی بەڕێوەی بردووە.
بەپێی هەواڵێکی فۆکس نیوز، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی، ڕوبیۆ وەک وەزیری دەرەوە دەمێنێتەوە و هەروەها پرۆسەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیش بەڕێوەدەبات.
ڕوبیۆ تەنها دووەم کەسە لە مێژووی ئەمەریکادا کە لە یەک کاتدا هەردوو پۆستەکەی بەدەست هێناوە. پێش ئەو هێنری کیسینجەر لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە سەردەمی سەرۆک ڕیچارد نیکسۆن و جیراڵد فۆرد وەک وەزیری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کاری کردووە.
سەرۆک ترامپ زۆرجار ستایشی ڕوبیو دەکات. ئەو لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس وتی "بۆ یەکەمجار بوومە دیپلۆماتکار، دەزانی کێ فێری کردم؟ مارکۆ ڕوبیو. ئەو وتی وەرە با فێری دیپلۆماسیت بکەم."
ڕوبیۆ کە یەکجار ڕکابەری ترامپ بووە و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016دا بە لەلایەن ترامپیەوە بە مارکۆی بچووک ناوی دەبرد،ئێستا خۆی لەگەڵ سیاسەتی "یەکەم ئەمەریکا" هاوتەریب کردووە. ناوبراو بە کۆی دەنگی ئەنجومەنی سینات لەوەتای سەرۆکایەتری ترامپ دەستیپێکردووە، سەرکردایەتی ڕێکخستنەوەی وەزارەتی دەرەوە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی گەشەی نێودەوڵەتی ئەمەریکا دەکات.
تێکەڵبوونی ئەم دوو پۆستە وایکردووە ڕوبیۆ ببێتە یەکێک لە ئەندامە کاریگەرەکانی ئەنجومەنی وەزیران. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئێن بی سی، ناوبراو ئۆفیسێکی لە باڵی ڕۆژئاوای کۆشکی سپی هەیە و زیاتر لە زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.
لە دۆسیەی کۆماری ئیسلامیدا، ڕوبیۆ کەسایەتی بەرچاوی دانوستانەکان نەبووە، بەڵکو لە پشتەوە ڕۆڵی بینیوە. کەناڵی ئێن بی سی بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی ترامپ بڵاویکردەوە لە کاتی دانوستانەکانی مانگی سێ لە پاکستان، کاتێک دانوستانکارانی ئەمەریکا نیگەران بوون لە گۆڕینی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر، پەیوەندییان بە ڕوبیۆەوە کردووە و ئەویش پێی وتوون پێشنیارەکەی کۆماری ئیسلامی قبوڵکراو نییە.