وتەبێژی یەکێتی فڕۆکەوانی و گەشتیاری هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەتا ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی نەگەشتووەتە هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی گەشتە فڕۆکەوانییەکانی نێوان وڵاتی ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ."
محەمەد زێباری وتیشی،" هەتا ئەمڕۆ سێشەممە 22ی مانگی نۆ گەشتی فڕۆکەوانی هەبووە لە نێوان عێراق و ئێران، بەڵام بۆ سبەی نازانین چ گۆڕانکاریەک ڕوودەدات، ئایە نوسوراو دەردەچێت یاخود نا."
بڕیارە سبەی چوارشەممە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە زۆربەی وڵاتان ڕابگیرێن و هەروەها ڕێگا نەدرێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بکرێن، بەپ ێچەوانەوە ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبنەوە و دەستڕاگەیشتنیان بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی دەپچرێت.
عەتا ئەنوەر، لێپرسراوی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کە سبەی دەکاتە 23ی مانگ، بڕیاریانداوە بە نەهێشتنی نیشتنەوەی هیڵە ئاسمانیەکانی ئێران لە زۆربەری زۆری جیهان و زۆربەی زۆری وڵاتان پێشوازیان لێکرد و وڵاتی تورکیا و پاکستان زوو پێشوازیان، بەڵام عێراقی فیدراڵ هەتا ئیستا هیچ بەیاننامەیەکی بڵاو نەکردووەتەوە لەسەر پابەند بوونی بە بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا."
وتیشی،"چەند بەرپرسێکی عێراقی ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە عێراقیش قبوڵی کردووە کە پابەندی بڕیارەکان دەبێت، کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا داوێتی بە نەهێشتنی نیشتنەوەی فڕۆکەی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام هەتا ئیستا هیچ شتێکی فەرمیمان پێنەگەشتووە و پێدەچێت سبەی و ڕۆژانی دواتر عێراقیش پابەندی خۆیی بنوێنێت لە بەرامبەر ئەم بڕیارە."
کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ڕۆژانە چەندین گەشتی هاتوو و ڕۆشتوویان هەیە بۆ پارێزگاکانی عێراق، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان هەفتانە تەنها سێ گەشتی هاتوو و گەڕانەوە هەیە یەکێکیان لە سلێمانیەوەیە و ئەو دوو گەشتەکەی دیکە لە هەولێر، لەسەر هێڵی فڕۆکەوانی مەهام ئێر.
سکات بەسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 21 مانگی نۆ ڕایگەیاند کە لە 23ی مانگی نۆوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دادەخرێن و ڕایگەیاند،" ئەو کۆمپانیایانە کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هێڵە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی بکەن، ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا دەبنەوە و دەستڕاگەیشتنیان بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی دەپچرێت".
بەسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕایگەیاندووە هیچ کۆمپانیایەک بۆی نییە خزمەتگوزاری سووتەمەنی یان فڕۆکەخانەیی پێشکەش بە فڕۆکە ئێرانییەکان بکەن یان بلیتیان بۆ بفرۆشن، هۆشداریشیدا کە ئەگەر ئەوە نەکەن لە سیستەمی دۆلار دەخرێنە دەرەوە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پێشتر لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"دا، سزای خستبووە سەر سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی کۆماری ئیسلامی.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها وتی کاربەدەستانی چینی چالاکانە لە وتووێژەکان سەبارەت بە هەڵمەتی گوشاری ئابووری دژ بە کۆماری ئیسلامی بەشداربوون. بە وتەی ناوبراو ئەمەریکا گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ بەرپرسانی دارایی چین سەبارەت بە پابەندبوونیان بە سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی کردووە.