81ـەمین کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێدەکات

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری نیویۆرک، ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی 81ەمینی خۆی سازبکات بە ئامادەبوونی سەرکردەی نزیکەی 130 وڵات.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ووتاری یەکەمی کۆبوونەوەکە پێشکەش بکات. کۆبونەوەکە کاتژمێر 9ی بەیانی بەکاتی نیویۆرک و 4 ئێوارە بەکاتی هەولێر دەستپێدەکات..

چاوەڕوان دەکرێت وتاری سەرۆکی ئەمەریکا تیشک بخاتە سەر دەستکەوتەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە، بەتایبەت پلانی 20 خاڵیی ئاشتیی لە غەززە، کردەکانی ئەمەریکا لە بەشی خۆرئاوای گۆی زەوی و هەروەها جەنگی ئێران.

"گێڕانەوەی متمانە، ئیدارەدانی گۆڕانکاریی: رێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ هەمووان کاربکات." ناونیشانی کۆبونەوەی 81ەمینی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

مانگی شەشی ساڵی 1945 رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدوای ئیمزاکردنی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرێنرا. ئامانج لە دامەزراندنی رێکخراوەکە بریتیی بوو لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان وڵاتان و برەودان بە هاریکاریی نێودەوڵەتی. هەروەها بوو بە ناوەندێکیش بۆ هاوسازکردنی کرداری وڵاتان بەرەو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.

نوسینگەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. نوسینگەی دیکەی لە جنێڤ لە سویسرا و نایرۆبی لە کێنیا و ڤییەنا لە نەمسا و لاهای لە هۆڵەندا هەیە. لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان 193 وڵاتی ئەندامی هەیە.