Accessibility links

ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆربەی سەرکردەی وڵاتان لە نیویۆرک کۆدەکاتەوە

دیمەنی کۆبوونەوەی ساڵی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان.
دیمەنی کۆبوونەوەی ساڵی ڕابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەم هەفتەیە گەورەترین چالاکی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی لە شاری نیویۆرک بەڕێوە دەچێت، کاتێک سەرکردەی نزیکەی 130 وڵات کۆدەبنەوە بۆ بەشداریکردن لە 81ـەمین کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کۆشکی سپی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند سەرۆک دۆناڵد ترامپ شاری واشنتنی بەرەوە نیویۆرک بەجێهێشتووە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکە.

بڕیارە سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێک پێشکەش بکات، تێیدا گرنگترین پرسە نێودەوڵەتییەکان لە دیدی ئەمەریکاوە بخاتە ڕوو.

بەگوێرەی بەرنامەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی سێشەممە، وتاری دەستپێک کاتژمێر نۆی بەیانی بە کاتی نیویۆرک (4ـی ئێوارە بە کاتی کوردستان) لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس پێشکەش دەکرێت، دواتر سەرۆکی بەرازیل لویز دا سیلڤا، سەرۆکی بەرازیل، وتاری خۆی پێشکەش دەکات و دوای ئەو سەرۆک ترامپ وتارەکەی پێشکەش دەکات.

کۆبوونەوەی ئەمساڵ لەکاتێکدایە ئیدارەی سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە ڕێڕەوی کارکردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە و دەڵێت پێویستە کاراتر ڕۆڵی خۆی لە کێشە نێودەوڵەتییەکاند بگێڕێت.

بە گوێرەی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمساڵ ئەمەریکا "ئامانجێکی ڕوونی لە کۆبوونەوەکان دەبێت، کە ئەویش بریتییە لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی ئاشتی و گێڕانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئامانجە بنەڕەتییەکانی."

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، "نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێشینەی کارەکانیدا بێت و ڕێز لە سەروەری وڵاتانی ئەندام بگرێت و ئەنجامی پێوانەکراو لە پرسەکاندا بەدەست بهێنێت و لێپرسراو بێت لە سەر ئەو ئەرکەی کە پێی دراوە."

بە گوێرەی ئاماری بەردەستی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاندی وڵاتانی جیهان نزیکەی هەزار داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوولایەن.

چاوەڕوان دەکرێت سێ پرسی سەرەکی لە کۆبوونەوەکاندا زۆرترین سەرنجیان لەسەر بێت کە بریتین لە پرسی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، پرسی پێشکەوتنەکان لە ژیری دەستکرد و ئەو مەترسییانەی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، وە هەروەها جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا و جیهان.

هەروەها لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی سێشەممەدا، بڕیارە سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرکردە عەرەبەکانی کەنداو کۆبوونەوەیەک ئەنجا بدات، بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران.

This item is part of
XS
SM
MD
LG