باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: پێمان لەسەر ملی ئابووری ئێرانە

مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە،21ی مانگی نۆ ڕایگەیاند بەرێوبەرایەتی ترامپ هیچ نیازێکی نییە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کەم بکاتەوە و جەختی لەوە کردەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گەمارۆکانی ئەمەریکا توانای ڕێژیمی ئێرانی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات لە ناوچەکە و دابینکردنی دارایی خەرجییەکانی بە توندی کەم کردووەتەوە.

واڵتز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز وتی دەسەڵاتی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لەناوچووە و کۆماری ئیسلامی چیدیکە تەنانەت دەسەڵاتی بەسەر کەناراوەکانی خۆیشیدا نەماوە.

پاشان ئاماژەی بە هەڵمەتی ئابووریی ئیدارەی ترامپ کرد و وتی سکات بەسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا سەرکردایەتی "تووڕەیی ئابووری" و "گۆشەگیرکردنی ئابووری" دەکات.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا، وەزارەتی خەزێنە گەمارۆکانی خۆی لەدژی کەرتە جۆربەجۆرەکانی ئابووری کۆماری ئیسلامی، تۆڕە داراییەکان و قەوارەکانی پەیوەست بە سوپای پاسداران فراوانتر کردووە و هۆشداری داوە لە گەمارۆ لاوەکییەکان لەدژی لایەنە بیانییەکان کە بازرگانی لەگەڵ تاران دەکەن.

والتز ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی ڕیاڵ بۆ نزیکەی 2.2 ملیۆن دۆلار دابەزیوە و هەڵاوسانیش بەرزبووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد ئێران تەنانەت کێشەی پێدانی مووچەی ژمارەیەک فەرمانبەری حکومی و هەندێک لە کارمەندانی سەربازی هەیە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بەم دۆخە وتی "ئێمە پێمان لەسەر ملی ئابووری ئێران داناوە. سەرۆک ترامپ گوشارەکان سووک ناکات و ئامانجی سەرۆکی ئەمەریکاش ڕوونە کە ئەویش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."