وەزارەتی جەنگ ڕەتی دەکاتەوە شەڕی ئێران بووبێتە هۆی کورتهێنانی تەقەمەنی ئەمەریکا

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ناوەڕۆکی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە تێچووی ململانێکان لەگەڵ ئێران ڕەتدەکاتەوە، کە لە ڕاپۆرتەکەداهاتووە نزیکەی 67%ـی تێچووەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ئێران بۆ تەقەمەنی بووە.

بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن ئەو ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە کە دەڵێت ململانێکە بووەتە هۆی کورتهێنان لە تەقەمەنی. بەرپرسەکە ڕایگەیاند لێکۆڵەران دەستیان بە هەموو زانیارییە پێویستەکان نەگەیشتووە، هەروەها ئەو بانگەشەیەی ڕەتکردەوە کە گوایە تەقەمەنییەکانی ئەمەریکا کەمبوونەتەوە.

ئەو بەرپرسە لە پەیامێکدا لەڕێگەی ئیمەیڵەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە هاوڕا نین و هەر ڕاپۆرتێک باس لەوە بکات کە تەقەمەنی ئەمەریکا کەمبووەتەوە، بە تەواوی هەڵەیە."

ئەو بەرپرسە گوتیشی، "سوپای ئەمەریکا وەک بەهێزترین و بەتواناترین هێزی شەڕکەر لە جیهاندا دەمێنێتەوە. ئێمە خاوەنی توانای تەواوین بۆ نیشاندانی دەسەڵات و لێدانی یەکلاکەرەوە لە هەرکاتێک و شوێنێک کە سەرۆک دیاریبکات."

ڕاپۆرتەکەی دەزگای چاودێری پنتاگۆن کە ئەم هەفتەیە بۆ کۆنگرێس نێردراوە. مەزەندە دەکات کە ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی لە 28ـی مانگی دووەوە تا 29ـی مانگی شەش تێچووەکەی لەسەر خەڵکی ئەمەریکا 33 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووبێت. ڕاپۆرتەکە دەڵێت لەو ڕێژەیە نزیکەی 33 ملیار و نیو دۆلار لە تەقەمەنی خەرج کراوە، بڕی 7.4 ملیار دۆلار خەرجی پێویستی ئۆپەراسیۆنەکان بووە و 3.7 ملیار دۆلار بۆ زیانی ئامێرەکانە. ئەو مەزەندەیە تێچووی چاککردنەوەی ژێرخان لەخۆ ناگرێت.

ڕاپۆرتەکە، بە پشتبەستن بە نووسینگەی جێگری وەزیری جەنگ بۆ کاروباری بەدەستهێنان، ڕایگەیاندووە کە خەرجییەکانی تەقەمەنی ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی "کەمییەکی ستراتیژی لە کۆگاکاندا."

پنتاگۆن و کۆشکی سپی چەندین جار ئەو هەواڵانەیان ڕەتکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمەریکا ڕووبەڕووی کەمیی تەقەمەنی بووەتەوە.

شۆن پارنێل، وتەبێژی سەرەکی پنتاگۆن ڕۆژی چوارشەممە لە ئیمەیڵێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هەڵوێستی وەزارەتەکەی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، "بانگەشەی کەمیی تەقەمەنی ئەمەریکا ناڕاستە."

پارنێل وتی سوپای ئەمریکا ئەو پێداویستیانەی هەیە کە پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان و "هەموو شتێکی پێویستمان هەیە بۆ هێرشکردن لەو کات و شوێنەی کە سەرۆک دەستنیشانی دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر نەیارێک ژاوەژاوی میدیا بە لاوازی ئەمەریکا تێبگات، بە ڕێگا سەختەکە ڕاستی ئەم بابەتەی بۆ ڕووندەبێتەوە."