هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا تۆمارێکی ڤیدیۆیی نوێی بڵاو کردەوە، تێیدا ساتی ڕزگارکردنی ئەو فڕۆکەوانەی ئەمەریکا نیشان دەدات کە مانگی چواری ئەمساڵ فڕۆکەکەی لە قوڵایی خاکی ئێران کەوتە خوارەوە و برینداربوو.
ڤیدیۆکە چەند بەشێکی ئەو ئۆپراسیۆنە گەورەیە نیشان دەدات کە بۆڕزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی ئەمەریکایی ئەنجام درا کە بەهۆی موشەکی سەرشانهاوێژی ئێرانەوە فرۆكەکەیان لە جۆری ئێف-15 ئی سترایک ئیگڵ لە ناوچەیەکی شاخاوی ئێران کەوتە خوارەوە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڤیدیۆی ساتی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمەریکاییەکە لە ئێران
هەردوو فرۆکەوانەکە لەکاتی پێکرانی فڕۆکەکەدا خۆیان هاویشتە دەرەوەی فڕۆکەکە و چەندین کیلۆمەتر لە دوری یەکتر کەوتنە سەر زەوی و لەناو ئێران گیریان خوارد.
فڕۆکەوانی یەکەم هێما نهێنییەکەی بریتی بوو لە دود44 ئەلفا کە فڕۆکەکەی لێدەخوڕی؛ و فڕۆکەوانی دووەم فڕۆکەوان بریتی بوو لە دود44 بڕاڤۆ کە لە پشتی فڕۆکەوانی یەکەم لەسەر چەکی هێرشکردن بوو.
هەرچەندە دوای شەش کاتژمێر فڕۆکەوانی دود44 ئەلفا ڕزگاکرا، بەڵام فڕۆکەوانی دود44 بڕاڤۆ پشت و قۆڵ و شانی شکان بەهۆی ئەوەی پەڕەشوتەکەی لەکار کەوتبوو. سەرباری بریندارییەکەی، فڕۆکەوان دود44 بڕاڤۆ نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە پێگەی کەوتنەخوارەوەکەی دور کەوتبووەوە و بە کەنار شاخێکدا هەڵگەڕابوو. بەو هۆیەوە، دود44 بڕاڤۆ بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە قوڵایی خاکی ئێران گیری خوارد هەتا ئەو کاتەی هێزەکانی ئەمەریکا لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردندا گەیشتنە لای.ن
ڤیدیۆ نوێیەکە کۆپتەرە ئەمەریکاییەکان دەردەخات لە ساتی بەدوامبوون لە گەڕان و دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکەدا.
ساتی گەڕانی کۆپتەرێکی ئەمەریکا لە ئاسمانی ئێران.
هەروەها ڤیدیۆکە فڕۆکە هێرشبەرەکانی ئەمەریکاش نیشان دەدات کە لە کاتی هەڵمەتی رزگارکردنەکەدا بۆمببارانی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووە کە نزیکبوون لە پێگەی فڕۆکەوانە پێکراوەکە.
فڕۆکەوان دود44 بڕاڤۆ دواتر ساتی رزگارکردنەکەی بە یەکێک لە گەورەترین ساتەکانی ژیانی دانا.
ڕزگارکردنی دوو فڕۆکەوانەکە لە هەڵمەتێکی سەربازیدا بوو کە تێیدا 92 سەربازی ئەمەریکایی لەسەر خاکی ئێران بوون، ئەمەش لە ساڵی 1980ـەوە یەکەم جارە سەربازی ئەمەریکا پێ بخاتە سەر خاکی ئێرانەوە.
بەگوێرەی براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سەدان ئەندامی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئاسمانەوە پشتیوانیی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کرد. بە تێکڕاش لە نێوان سێ هەزار بۆ پێنج هەزار ئەندامی دیکەی هێزەکان کۆمەکی ئەو ئۆپراسیۆنەیان کردووە.