ئەمەریکا 5 ملیۆن دۆلار دەبەخشێت بۆ زانیاری لەسەر ژنە سەرکردەیەکی داعش

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند پاداشتی تا پێنج ملیۆن دۆلاری بە هەر کەسێک دەدات کە زانیاری لەسەر خزرە عیسا بدات کە کەسایەتییەکی سەرەکی داعش و بەرپرسی پێشووی مەشق و ڕاهێنانی شەریعەت بۆ کەتیبەیەکی سەرجەم ژنانی گروپەکە بووە.

بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە،14ی مانگی نۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند خزرە عیسا ناسراو بە "ئوم قەقاع ئەلسۆماڵی" هاوڵاتییەکی هۆڵەندی لەدایکبووی سۆماڵە و لە ساڵی 2014 بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە گەشتێکی بۆ سوریا کردووە و دواتر لە کەتیبەی سەرجەم ژنانی "کەتیبەی نوسەیبە"دا خزمەتێکی زۆری کردووە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عیسا لە فەوجەکەدا مەشقی بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی و ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی وەرگرتووە و دواتر وەک بەرپرسی سەرەکی مەشقی شەریعە کاری کردووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەو بەردەوام بانگەشە بۆ توندوتیژی کردووە و هانی ئەندامانی دیکەی داعشی داوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە وڵاتە جیاوازەکان، هەروەها پەرەی بەو بۆچوونانە داوە کە ڕەوایەتی بە تەقینەوە خۆکوژییەکان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی دەدەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها دەڵێت خزرا عیسا ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی ئەندامی نوێ بۆ داعش و سەرکردایەتی گروپێکی کردووە کە یاسا خوازراوەکانی داعشیان بە توندوتیژی دژی ژنان جێبەجێکردووە. بەگوێرەی ڕاگەیاندنی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری"، فەرمانەکانی بووەتە هۆی سزای جەستەیی، لەوانە لێدان و لە هەندێک حاڵەتدا کوشتنیش.

کەتیبەی نوسیبە لە ساڵی 2016 لە شاری ڕەقەی سوریا پێکهێنرا و ئامانجی دامەزراندنی ژنان و ڕێکخستن و ڕاهێنانی ژنان بوو بۆ چالاکی شەڕ و سەربازی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت کەتیبەکە چەند سەد ئەندامی مەشقپێکراوی هەبووە، لەنێویاندا هاووڵاتی ئەمەریکایی و ئەورووپایی و ئێستاش سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی ئەندامەکانی دوای شکستی داعش، بەڵام هێشتا چالاکە.

هەروەها لە بەیاننامەکەی ئەمەریکادا هاتووە خزرا عیسا ژمارەیەک منداڵی ڕفێندراوی بەدەستەوە بووە. بۆ نموونە لە ساڵی 2019 دوو منداڵی ئەمەریکایی بە ناوەکانی یوسف و زارا کەوتوومەتە دەستی، دوای ئەوەی دایکیان لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی داعش کوژرا و عیسا منداڵەکانی گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار لە سوریا.

هەروەها پرۆگرامی پاداشت بۆ دادپەروەری بە جیا پاداشتی تا 5 ملیۆن دۆلاری پێشکەش کردووە بۆ ئەو زانیاریانەی کە دەبنە هۆی دۆزینەوە و ڕزگارکردن و گەڕانەوەی ئەو دوو منداڵە ئەمەریکاییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هەر کەسێک کردووە کە زانیاری لەسەر خزرا عیسا هەیە و دەڵێت ئەم زانیاریانە لە ڕێگەی کەناڵە پارێزراوەکانی پەیوەندییەوە پێشکەش بە بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری بکات و دەڵێت پێشکەشکردنی زانیاری کاریگەر دەتوانێت جگە لە پاداشتێکی دارایی، ڕێگە بدات زانیاریدەرەکەش بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت و پارێزراو.