سەرۆک ترامپ: لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت

سەرۆک ترامپ دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی بەرێوبەرایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرکاتێک ململانێی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی هات، نرخی نەوت بە خێرایی دادەبەزێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە 14ی مانگی نۆ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ نووسیویەتی هیوادارم هەمووان لەوە تێبگەن کە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرانسەری ئەمەریکا بەهۆی جۆ بایدن و ئیدارەی بایدنەوەیە نەوەک ترامپ.

سەرۆک ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە نرخی نەوت لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆو بایدن لە ئێستا زیاتر بووە، جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەکەی ڕێگری لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا نووسیویەتی جگە لە نرخی نەوت و ئەوەش بە شێوەیەکی کاتی، هەموو "نرخەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن."

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرکاتێک ململانێی سەربازی لەگەڵ ڕژێمی ئێران کۆتایی پێهات، کە زۆری نەماوە، نرخی نەوتیش بە خێرایی دادەبەزێت.
سەرۆک ترامپ ڕۆژێک پێشتریش ڕایگەیاندبوو پێشبینی دەکات ململانێکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێبێت و ئەوکات نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.