ترامپ: ئەمەریکا دەبێت لە بواری ژیری دەستکرد وەک هەمیشە پێشەنگی جیهان بێت

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی لەسەر پاراستنی پێگەی ئەمەریکا کردووەتەوە وەک پێشەنگی جیهان لە بواری ژیری دەستکردا، ئەمەش لەکاتیکدایە ژمارەیەک لە کارگێڕانی پیشەسازی ژیری دەستکرد هۆشدارییان داوە لە پێویستی خاوکردنەوەی خێرایی پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەو بوارەدا،ئەمەش بە ئامانجی دڵنیابوون لە پارێزراوبوون و ئاسایشی مرۆڤ.

ترامپ ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەمەریکا لە پێش چینە لە بواری ژیری دەستکرد و ئاماژەی بەوەشکرد کە دەیەوێت ئەمەریکا پێشەنگی جیهان بێت لەو بوارەدا چونکە وەک خۆی دەڵێت "هەرکەسێک لە بواری ژیری دەستکرد سەربکەوێت، ئەوا هەمیشە سەرکەوتوو دەبێت."

ترامپ وتی "دەتوانین چوارچێوەی ڕێکخراوەیی دروست بکەین و زۆر شتی جیاواز بکەین، بەڵام پێموایە زۆر هێزی نەرێنی هەن کە پرسگەلێک دەوروژێنن کە نابێت بیوروژێنن و باسی ئەو شتانە دەکەن کە ڕوونادەن."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە وتی ئێمە لە ئێستادا چاودێری بەرفراوانمان بەسەر ئەم کۆمپانیایانەدا هەیە و پیلانێکی خراپ لە دژی ژیری دەستکرد و ناوەندەکانی داتا هەیە و تاکە لایەنێکیش بەمە دڵخۆشە، یەنیا چینە.

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا ژیری دەستکرد یەکێک بێت لە بابەتەکانی گفتوگۆ کاتێک ترامپ میوانداری شی جینپینگ سەرۆکی چین دەکات لە واشنتن.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند پێویستە پەرەپێدانی ژیری دەستکرد بە شێوەیەکی کراوە و گشتگیر بەڕێوەبچێت.


ئەم لێدوانەی بەرپرسانی ئەمەریکا و چین دوای ئەوە هات کە ڕۆژی شەممە نامەیەکی کراوە لەلایەن داریۆ ئامۆدێی سەرۆکی کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکایی ئەنترۆپیک بڵاوکرایەوە.

ئامۆدێی وتی ئەم تەکنەلۆژیایە مەترسی بەهێزی هەیە، لەوانەش "مەترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر سیستەمی ژیری دەستکرد و خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنولوجیایە بۆ هێرشی ئەلیکترۆنی و بایۆتیرۆریزم.

ئامودی وتی پێشەنگی چین لە پەرەپێدانی ژیری دەستکرد دەبێتە "مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئەمەریکا و جیهان"، هەروەها کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێشنیارکرد کە بە وتەی خۆی دەتوانێت هەم پێشەنگی ئەمەریکا لە بواری ژیری دەستکرد بپارێزێت و هەم یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی مەترسییە ئەگەرییەکانی سەلامەتی.