دوای ئەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا هێرشی کردە سەر شەمەندەفەرێک لە نزیک سنووری ئۆکرانیا و پۆڵەندا، هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی کیێڤ و ئاسایشی ناوچەکە بەهێزتر بکەن.
هێرشەکە ڕۆژی یەکشەممە بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەر بوو کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە سنووری پۆڵەندا دوورە و کۆمپانیای شەمەندەفەری حکومەتی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، شەمەندەفەرەکە ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکاری ئەمنی ئەورووپایی تێدابووە، لەوانە بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و کارل بیلدت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی سوید کە تەنها چەند خولەک پێش هێرشەکە وێستگەکەی بەجێهێشتووە. لە ڕووداوەکەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
مارک ڕوتە سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕۆژی دووشەممە لە برۆکسل ڕایگەیاند هێرشەکانی نزیک خاکی ناتۆ دەریدەخەن ڕووسیا هەوڵی چاندنی ترس دەدات بۆ ئەوەی پاڵپشتی ڕۆژئاواییەکان بۆ ئۆکرانیا تێکبدات. جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕووسیا لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکەدا ڕێبازێکی "تادێت بێباکانە" دەگرێتەبەر، بەڵام هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کەلێن لە نێوان هاوپەیمانەکاندا سەرکەوتوو نابێت.
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پاڵپشتی ئۆکرانیا بترسن و پێویستە نیشان بدەن کە لەگەڵ گەلی ئۆکرانیا وەستاون.
هەروەها پۆڵەندا ڕایگەیاندووە ئاسایشی سنوورەکانی لەگەڵ ئۆکرانیا بەهێزتر دەکات. ئەو ڕێوشوێنانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بەردەوامە.
ترامپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی "دەبێت هێرشکردنە سەر سووتەمەنی گازۆیل لە ڕووسیا ڕابگرێت"، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی ڕووسیا. سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی "ئامانجی دیکە" هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد هێرشکردنە سەر ژێرخانی نەوتی ڕووسیا "زیان بە جیهان دەگەیەنێت".
ئۆکرانیا دەڵێت پاڵاوگەکانی ڕووسیا ئامانجی سەربازی شەرعین، چونکە پیشەسازی نەوتی ڕووسیا یارمەتی دارایی شەڕی مۆسکۆ دەدات.
لێدوانەکانی ترامپ لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە چووەتە قۆناغێکی نوێ. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترامپ و جەرێد کوشنەر لەگەڵ ڤلادیمێر پوین لە مۆسکۆ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە کیێڤ کۆبوونەوە. ئەوە یەکەم گەشتی کوشنەر و ویتکۆف بوو بۆ پایتەختی ئۆکرانیا وەک دانوستانکار.
هەروەها ترامپ هەفتەی ڕابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ پوتین قسەی کرد. دوای ئەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پوتن "دەیەوێت گرێبەستێک بکات".