ترامپ: پرسی ئێران ڕەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە کۆتایی پێبێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 13ی مانگی نۆ لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ ئێرلەندا ڕایگەیاند ڕەنگە پرسی ئێران پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی ئەمەریکا کە بە میدتێرم ناسراون، کۆتایی بێت، وتیشی بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا دوای ئەو هەڵبژاردنانە کۆتایی دێت.

سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت "پرسی ئێران دەستبەجێ دوای هەڵبژاردن و ڕەنگە پێشتریش کۆتایی پێبێت، بەڵام دەستبەجێ دوای هەڵبژاردن کۆتایی دێت و بەنزین بەخێرایی دادەبەزێت."

سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ترامپ وتی "ئێران بەڕاستی دەیەوێت ڕێککەوتنێک بکات، ئەوان بەردەوام پەیوەندی دەکەن و دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنەکە دروست بێت، من ڕێککەوتنێک قبوڵ ناکەم کە باش نەبێت."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها سەبارەت بە کۆبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی "گرنگ نییە ئەگەر وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئێران کۆببنەوە؛ ئەوە پەیوەستە بە ئەوانەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێشبینی دەکات بانکی ناوەندی ئەمەریکا نرخی سوود بەرز بکاتەوە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند وتی "جارێ نازانم بەڵام پێویستە کەمترین ڕێژەی سوود بدەین لە جیهاندا، بەبێ گوێدانە فۆرمولەکانیان".

ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا "باشترین کریدت و متمانەی لە جیهاندا هەیە و ئێمە وڵاتانی دیکە دەوڵەمەند دەکەین."