دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە یادی 25 ساڵەی هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001 لە پنتاگۆن وتارێکی پێشکەشکرد.
ترامپ دوای سڵاوکردن لە میوانەکان و قوربانیان و گەلی ئەمەریکا وتی "بیست و پێنج ساڵە کۆدەبینەوە" وەک ئاماژەیەک بۆ یادی 25 ساڵەی رووداوەکان و باسی لەوەکرد ماوەیەکی درێژ تێپەڕیووە بەسەر ئەو هێرشانەدا "بەڵام کات رووناکی شەرەفەمندیی ئەو رۆژەی کزنەکردووە، کاتێک وڵاتەکەمان لەگەڵ شەڕانگێزیی راستەقینە رووبەڕووبووەوە.
ترامپ دەستپێکی وتارەکەی بە باسی هەندێک لە سەرنشیانی گەشتی 77 ی هێڵی ئاسمانیی ئەمێریکەن دەستپێکرد کە لە نێویاندا "سێ قوتابی یانزە ساڵان هەبوون لە گەشتێکی زانستیاندا بۆ خۆرئاوای وڵات." هەروەها "باوکێک و داکێک و دوو کچە منداڵەکەیان کە بۆ گەشتی دەرەوەی وڵات دەچوون." و هەروەها باسی خانمە کارمەندێکی هێڵی فڕۆکەوانییەکە کە "خەیاڵی ئەو لە شوێنێکی تر بوو چونکە تازە بۆی دەرکەوتبوو کە دووگیانە بە یەکەم منداڵی و زۆر پەرۆش بوو بە دایک و باوکی بڵێت."
ئینجا ترامپ چووە سەر باسی پێنتاگۆن کە فڕۆکەکەی گەشتی 77 لەلایەن تیرۆریستانەوە کێشرا بە بیناکەیدا و چیرۆکی هەندێک لە کارمەندانی هێزە سەربازییەکانی گێڕایەوە کە ئەو رۆژە لە پێنتاگۆن بوون و هەریەکەیان سەرقاڵی بابەتی جیاوازی خۆیانبوون کاتێک "تیرۆریستان فڕۆکەکەیان کێشا بە بیناکەدا."
لەباسی بینای پینتاگۆندا وتی "زۆر جەنگ لەم بینایەوە برانەوە."
ترامپ لە بارەی تێکڕای قوربانییەکانی هێرشەکانی یانزەی سێپتەمبەرەوە وتی "دوو هەزار و نۆ سەد و حەفتاوحەوت رۆحی جوان فەوتان" و "زۆری دیکە لە هەفتە و مانگەکان و ساڵەکانی دواتردا" گیانیان لەدەستدا.
وتیشی "ئێمە ئەمڕۆ دووبارە ئەو سوێندخواردنە دووبارەدەکەیەنەوە کە سەرەتادا بەناوی ئەوانەوە خواردمان، چارەکە سەدەیەک پێش ئێستا، ئێمە هەرگیزاوهەرگیز لەبیری ناکەین." ئینجا بەردەوام بوو و وتی "لەبەرئەوەیە ئەمڕۆ دەجەنگیین. ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نیە. تەنها دەبێت بیبەینەوە، بە سەختی دەجەنگیین، دەجەنگیین بۆ بردنەوە."
گەڕایەوە سەر باسی قوربانییەکان و وتی "ئێمە رێزی گەورە لە ژیانیان دەگرین، یادەوەرییەکانیان بەرز رادەگرین و ئەم ووڵاتەش دەپارێزین و ئازادییەکانیشی، بۆ هەریەکە لە نەوەکانی داهاتوو."
لەبارەی ئەو رۆژەوە وتی "ئەوانەی تێیدا ژییان، هیچ ووشەیەک ناتوانێت وەسفی نەهامەتیی ئەو رۆژە بکات." بەردەوام بوو لە باسکردنی قوربانییەکان و ناوی قوربانییەکی هێنا کە لە تاوەرەکانی سەنتەری بازرگانیی جیهانیی گیانیان لەدەستدا و وتی "پاتریک دانەهی نامەیەکی دەنگیی بۆ هاوسەرە جوانەکەی، ماری، جێهێشت. پێیوتبوو کە ساغ و سەلامەتە لە ئۆفیسەکەی خۆی لە نهۆمی 90 هەمینی تاوەری باشوور." هاوسەرەکەی ئەوکات سکی هەشت مانگ بووە و لەگەڵ دوو کچە بچووکەکەیان یاری کردووە "کاتێک گوێی لە دەنگی پاتریک بوو. ئەو پاتریکی زۆر خۆش دەویست." ترامپ بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە و وتی "ئەو تەلەفۆنی بۆ کردەوە، تەلەفزیۆنەکە داگیرسابوو، زەنگ رۆیشت، پاشان بەتەواوەتی هێڵەکە پچرا." باسی لەوەکرد کە چۆن ئەو خانمە هەستێکی نائاسایی لەلادروستبووە و ترامپ وتی "ماری کەوتە سەر چۆک و بینی گەشتی 175 هێڵی ئاسمانیی یونایتد لە نزیک ئۆفیسی مێردەکەی تەقییەوە."
"حەوت نهۆم سەرووتر." ترامپ بەردەوامبوو "شیمی بەیگلزهایزن، لەسەر راخەرەکە لەپەنای مێزەکەیدا راکشا بۆ ئەوەی دەربازیبێت لە دووکەڵ.. بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوسەرەکەی، مەریەم، قسەیدەکرد و لە خودا دەپاڕایەوە، کاتێک ئەو خانمە لە تەلەفزیۆن ئەو دیمەنە دڵتەزێنەی بینی." ئینجا مریەم بینی کە تاوەری باشور داڕوخا.
لەبارەی کاردانەوەی ئەمەریکا بەرامبەر بە رووداوەکانی ئەو رۆژە، ترامپ وتی "ئەم بەیانییە یادی ئەوەش دەکەینەوە کە چۆن ئەمەریکا وەڵامی ئەو شەڕانگێزییەی دایەوە." هەروەها ووتی "رۆژگاری وەک یانزەی سێپتەمبەر لە راستیدا دەریدەخەن وڵاتێک لە چ کانزایەک دروستبووە. ئێمە ئەمڕۆش بۆمان دەردەکەوێت لە چی دروستبووین. دەبێت بەهێز بین و دەبێت ژیر بیین."
لەبارەی پێکهاتەی گەلی ئەمەریکاوە وتی "لە چاکە و ورەبەرزییەک دروستبوون کە زاڵدەبێت بەسەر هەموو هێزە زەمینییەکاندا. ئێمەش ئێستا رێک ئەوە دەکەین، باشتر لەوەی کە هەر کەسێک پێشتر کردبێتی." هۆکاری ئەو توانایەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو "هێزە باڵایەی" کە ئێمەی راگرتووە.
پاشان چووە سەر باسی تاکە فڕۆکەی فڕێندراو کە لەو رۆژەدا رێگەنەدرا بکێشرێت بەو ئامانجەدا کە تیرۆریستان دایاننابوو لەبەرئەوەی سەرنشینانی گەشتی 93 رێگرییان لە تیرۆریستان گرت و باسی وردەکارییەکانی ئەو گەشتەی کرد و ووتی "لەو گەشتەدا کارمەندێکی بەجەرگی هێڵە ئاسمانییەکە ئاوی کوڵاند بۆ ئەوەی شەڕی پێبکات."
لەبارەی خۆڕاگریی ئەمەریکاوە ترامپ وتی "دوژمن رەنگە ئەو شتانە خاپوربکات کە دەستەکمان دروستیانکردوون، بەڵام دەستیان ناگات بە خۆڕاگری، گڕوتین و خۆشەویستی کە لەناو دڵی مەزنی ئەمەریکاییماندا هەیە."
لەبارەی ئەو رۆحی خۆڕاگری و بەرگەگرییەوە، ترامپ چیرۆکی جەنەڕاڵ جەیمس جاکسن دەگێڕێتەوە کە رۆژی دواتر لە پێنتاگۆن داوای گەورەترین ئاڵای ئەمەریکای کرد و داوایکرد ئەو ئاڵا گەورەیە بە تەنیشت ئەو کەلێنە گەورەیەوە هەڵبواسرێت کە فڕۆکەکە لە بیناکەدا دروستیکرد. وەک ئاماژەیەک بۆ خۆڕاگریی ئەمەریکا و وتی "ئەم بەیانییە هەمان ئاڵا لەلای راستمەوەیە."
لە کۆتایی وتەکەیدا ترامپ ستایشی هەموو ژنان و پیاوانەی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکای کرد کە بیست و پێنج ساڵە لە جەنگی وڵاتدا لە دژی تیرۆر دەجەنگن. هەروەها ستایشی بەدەنگەوەچووە یەکەمییەکان و هێزەکانی پۆلیس و فریاگوزاری کرد. ستایشی ئەو سەربازانەشیکرد کە لە ئێستادا سەرقاڵی رێگرکردنن لە دەوڵەتی پێشەنگی پشتیوانیکار لە تیرۆر لە دنیادا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و وتی هەرگیز و هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.