بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بە بۆنەی 25 ساڵەی هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەرەوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ئەمەریکا و ئیسرائیلی ئامانجی "شەڕێکی ڕەها"ن و وتیشی ئەم دوو وڵاتە "هەرگیز کڕنۆش بۆ تیرۆر ناکەن" و پێکەوە شکستی پێدەهێنن.
نەتانیاهۆ لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا کە هەینی 11ی مانگی نۆ بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکانی 11ی مانگی نۆی ساڵی 2001ی بۆ سەر ئەمەریکا بەراورد کرد بە هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل و وتی "لە 11ی سێپتەمبەرەوە ئەمەریکا کرایە ئامانجی شەڕی ڕەها، لە 7ی ئۆکتۆبەردا جارێکی دیکە ئیسرائیل کرایە ئامانجی هەمان شەڕی ڕەها."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە وەبیرهێنانەوەی قوربانیانی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، وتی 25 ساڵ لەمەوبەر هەزاران کەسی بێتاوان چوونەتە سەر کارەکانیان لە ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک و هەرگیز نەگەڕاونەوە ماڵەوە.
وتیشی "بۆ ئەوانەی ڕووبەڕووی کارەساتێکی لەم شێوەیە بوونەتەوە، ئەم ئازارە هەرگیز بەرۆکیان بەرنادات. ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەوانی لەبیرە و یادیان دەکاتەوە."
نەتانیاهۆ هەروەها ستایشی ئاگرکوژێنەوەکانی و هەروەها ئەفسەرانی پۆلیس و کارمەندانی فریاگوزاری و سەرنشینانی فڕۆکە ڕفێنراوەکان کە بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە، کرد.
پاشان وتی کەسانێک هەن داوای "تێگەیشتن لە تیرۆریستان" و "ناڕەزایەتییەکانیان" و "هۆکاری پشت کارەکانیان دەکەن"، وتی "بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت پاساو بۆ سووتاندنی خێزانەکان بە زیندووی بهێنێتەوە."
نەتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل وتی دوژمنانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە یەک هۆکار دوژمنایەتی هەردوو وڵات دەکەن و ئەویش ئەوەیە کە ئەمەریکا و ئیسرائیل نوێنەرایەتی ئازادی و دیموکراسی و شارستانیەت و ژیان دەکەن.
هەروەها ستایشی سیاسەتی ئەمەریکای کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و وتی "لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ، ئەمەریکا جارێکی دیکە نیشانی دا کە دژی تیرۆر وەستاوەتەوە."
هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی مانگی نۆی ساڵی 2001، کاتێک ڕوویدا کە 19 ئەندامی تۆڕی ئەلقاعیدە چوار فڕۆکەی مەدەنیان ڕفاند. دوو فڕۆکە لە نیویۆرک خۆیان بە تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانیدا کێشا و فڕۆکەیەکیش خۆی بە پنتاگۆندا دا و فڕۆکەی چوارەم لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە، دوای ئەوەی سەرنشینەکانی بەرەنگاری تێرۆریستەکان بوونەوە.
لەو هێرشانەدا دوو هەزار و 977 کەس کوژراون، جگە لە 19 ڕفێنەرەکە. ئەمەریکا لەو کاتەوە هەموو ساڵێک لە 11ی سێپتەمبەرەوە یادی قوربانیانی ئەو هێرشانە دەکاتەوە.