ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕۆژی پێنجشەممە بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بە مەبەستی هەماهەنگی زیاتر گەشتێکی بۆ سعودیە کردووە.
بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ترامپ بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە ئەمەریکا هێشتا سەرنجی لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی خۆی دەمێنێتەوە، لەنێویاندا ئازادی کەشتیوانی لە دەریای سووردا، لە هەمان کاتدا پێی باشە هاوبەشە ناوچەییەکان ڕۆڵی پێشەنگ بگێڕن لە بەڕێوەبردنی ئاستەنگە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
بەپێی هەواڵەکەی ئەکسیۆس، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندی بە دۆناڵد ترامپەوە کردووە و کورتەیەک لەبارەی دۆخی سەربازیی یەمەنەوە بە ترامپ داوە و ڕاپۆرتەکە دەلێت لە پەیوەندییەکی دیکەدا محەمەد بن سەلمان داوای لە ترامپ کردووە هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر حوسییەکان ئەنجام بدات.
ئەکسیۆس دەڵێت بەڕێوبەرایەتی ترامپ زانیاری هەواڵگری لەسەر حوسییەکان دەداتە ڕیاز، بەڵام لەم قۆناغەدا بیر لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی ناکاتەوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە ئێستادا نزیکەی 200 هێزی سەربازی ئەمەریکایی لە سعودیە جێگیرکراون بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دیکە جگە لە شەڕ، لەوانەش پاڵپشتی لۆجستیکی و هەواڵگری.