ئەمەریکا یادی 25 ساڵەی 11ی سێپتەمبەر دەکاتەوە

ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە نیویۆرک و لە پنتاگۆن لە ڤێرجینیا بۆ یادکردنەوەی نزیکەی 3 هەزار قوربانیی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 بۆ سەر ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.

بەرەبەیانی 11ی سێپتەمبەری 2001، چەندین ئەندامی تۆڕی ئەلقاعیدە چوار فڕۆکەی مەدەنیان ڕفاند. دوو لەو فڕۆکانەیان دا بە تاوەرە دووانەکانی سەنتەری بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک و هەردوو تاوەرەکە داڕماون. فڕۆکەی سێیەمیش کیشای بە پنتاگۆندا کە بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا.

فڕۆکەی چوارەم بە ناوی فڵایت 93 لە کێڵگەیەک لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا دوای بەرەنگاربوونەوەی سەرنشینەکان و تیمی فڕۆکەوانی کەوتە خوارەوە و ڕفێنەرەکان نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان. بە گشتی لە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، دوو هەزار و 977 کەس کوژران.

دوای 25 ساڵ لە نیویۆرک و لە پنتاگۆن بۆ یادکردنەوەی هێرشەکان ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بەڕێوەدەچێت.

لە نیویۆرک کەسوکاری قوربانیان و میوانەکان بڕیارە لە شوێنی یادکردنەوەی ناوەندی بازرگانی جیهانی کۆببنەوە و ناوی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە دەخوێندرێتەوە. لە ساڵیادی ئەو کات و ساتەی فڕۆکەکان بەر سەنتەری بازرگانی جیهانی و پنتاگۆن دەکەون، چەند ساتێک بێدەنگی بە یادی قوربانیان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش لەوێ ئامادە بێت.

هەروەها لە شاری ئارلینگتۆنی ویلایەتی ڤێرجینیا، مەراسیمێکی جیا لە پنتاگۆن بەڕێوەدەچێت و دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکاش بەشداری دەکات. ئەم بەشەی مەراسیمەکە ڕێز لە قوربانیانی فڕۆکەی 77ی ئەمەریکەن ئەیرڵاینز دەگرێت کە دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دالاس هەستایەوە، لە کاتی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر خۆی کێشا بە پنتاگۆندا.

مەراسیمی ئەمساڵ دوای 25 ساڵ لەو هێرشانە بەڕێوەدەچێت کە چوار فڕۆکەیان ڕفاند و نزیکەی 3 هەزار کەسیان کوشت و تاوەرەکانی سەنتەری بازرگانی جیهانی خاپوور کرا و زیانێکی زۆریان بە پنتاگۆن گەیاند، ئەمەش ڕێڕەوی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی و دەرەوەی ئەمەریکای بۆ دەیان ساڵ گۆڕی.