دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە لە بەشیكی وتارەکەی لە کۆنگرەی کۆمارییەکان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی پەیوەندییەکانی واشنتن و پەکینی کرد و وتی سەرۆکی چین دوو هەفتەی تر سەردانی ئەمەریکا دەکات.
ترامپ بە ئاماژەدان بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، وتی "پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵیدا هەیە" و جەختیشی لەوە کردەوە کە سەردانەکە ڕووداوێکی ئەرێنی دەبێت نەک ڕووداوێکی نەرێنی وەک هەندێ باسی دەکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد خەڵکێکی زۆر حەزیان لەوەیە بەشداری لەو کۆبوونەوە و دیدارەدا بکەن و وتی دەکرێت ژمارەی ئامادەبووان زۆر زیاتر بێت لەو 101 کەسەی کە مەزەندە دەکرێت و تەنانەت بگاتە دوو هەزار کەسیش.
ترامپ هەروەها باسی دروستکردنی هۆڵێکی گەورەی لە کۆشکی سپی کرد و وتی بڕیارە ئەم هۆڵە ببێتە یەکێک لە جوانترین هۆڵەکانی جیهان.
سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە گەشتەکەی بۆ چین و سەردانی تەلاری گەورەی گەل لە پەکین، وتی "ئەوان بینایەکیان هەیە بە ناوی تەلاری گەورەی گەل، هۆڵێکی زۆر گەورەیە، بەڵام ئێمە بڕیارە باشتر لەوەش دروست بکەین."
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم هۆڵە لە کۆشکی سپی دروست دەکرێت.