ترامپ: ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ ڤەنزوێلا گەورەترین ڕێککەوتنە لە مێژووی ئەمەریکادا

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕێککەوتنی نەوتی لەگەڵ ڤەنزوێلا بە گەورەترین ڕێککەوتنی نەوتی ناو برد و وتی ڕەنگە "گەورەترین ڕێککەوتنی مێژووی ئەمەریکاش بێت."

سەرۆک ترامپ لە وتارێکدا لە کۆنگرەی کۆمارییەکان لە شاری داڵاس شەوی چوارشەممە ئاماژەی بە یەدەگی بەرفراوانی نەوتی ڤەنزوێلا کرد و وتی "65 ملیار بەرمیل نەوت هی ئێمەیە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە قەبارەی ئەو سەرچاوانە ئەوەندە گەورەیە کە دەتوانرێت بۆ سەدان ساڵ بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی وەک ئێکسۆن و شیڤرۆن بڕێکی زۆر پارە خەرج دەکەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە نەوتییەکان لە سەرانسەری جیهان، بەڵام لە ڤەنزوێلا دۆخەکە جیاوازە و لە هەندێک ناوچە تەنانەت شوێنی نەوت لە سەر زەوی و خاکەکە دەبینرێت.

ترامپ هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە نوێیەکانی واشنتن و کاراکاس کرد و ئەم هاوکارییەی بە دەرفەتێکی گەورەی ئابووری و وزە بۆ ئەمەریکا ناو برد.

ئەم ڕێککەوتنە ئەگەر بەتەواوی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا و وەبەرهێنانی زیاتر لەلایەن کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە کەرتی وزە و بەهێزکردنی پێگەی ئەمەریکا لە بازاڕی جیهانی نەوتدا.