ئەمەریکا پێنج کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی نوقم کرد

دوای ئەوەی ئەمەریکا پێنج کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی نوقم کرد، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 10 کەشتی لە نزیک گەرووی هورمز، ئەمەش زۆرترین پێکدانە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ سەر کەشتییەکانی یەکتر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە شەش مانگ لەمەوبەر.

هێرشەکان بوونە مایەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 100 دۆلار کە یەکەمجارە لە مانگی حەوتەوە هێندە بەرزببێتەوە.

سەرچاوەکانیش ڕایانگەیاند کە کەشتیوانێک لە یەکێک لە کەشتییە نەوتیەکاندا گیانی لەدەستداوە و چەندین کەسیش بیسەروشوێنن.

واشنتن رایگەیاند کە پێنج کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی وێران کردووە و گرتە ڤیدیۆی کەشتییەکانی بە گڕگرتوویی بڵاوکردەوە پێش ئەوەی نوقم بن.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئەو هێرشانەی وەها وەسفکرد کە کاردانەوەن بەرامبەر هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکی سەربازییەکانی ئەمەریکا کە دوو جار مووشەکی بالیستییان ئاڕاستەکراوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، هەروەها ئەوەشی بڵاوکردەوە کە هیچ ئەمەریکاییەک زیانی پێنەگەیشتووە.

هەروەها واشنتن ڕێکارێکی نوێی ڕاگەیاند کە خۆی لە بە ئامانجگرتنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی ئێراندا دەبینێتەوە وەک کاردانەوەیەک بۆ هەر تەقەکردنێک کە هەڕەشە بێت بۆسەر کەشتییە سەربازییەکانی و هەروەها ئەوەشی باسکرد کە لە هەفتەی ڕابردووەوە 10 کەشتی نەوت هەڵگری کردووەتەوە ئامانج.

مارکۆ روبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند "ئێران بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هەرجارێ ئەو کارە بکات، یەکێک لە نەوت هەڵگرەکانی لەدەستدەدات."