سەرۆک ترامپ هاوردەکردنی هەندێک کاڵای کەنەدی قەدەغە دەکات

کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بە پشتبەستن بە یاسای باجی گومرگیی ژمارە 338ی 1930 هاوردەکردنی هەندێک کەلوپەلی کەنەدی قەدەغە دەکات.

ئەمەش دوای ئەوەی کە وڵاتی کەنەدا دوای شکستهێنانی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت بە باجی گومرگی 20 بلیۆن دۆلار باجی سەپاند بەسەر کەلوپەلە ئەمەریکاییەکاندا.

یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی کە کۆشکی سپی ئاماژەی پێداوە ئەوەیە کە کەنەدییەکان بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بەرهەمە ئەمەریکاییەکان دەکەن و ئەوەش زیانی بە بازاڕی ئەمەریکا گەیاندووە.

هەر بۆیە ئەمەریکا ڕێگری لە هەندێک جۆری خواردنەوەی کحوولی و کەلوپەلی دیکەی کەنەدی دەکات کە بێنە ناو ئەمەریکا و بڕی 50% باجی گومرگیی زیادە بەسەر بەشێک لە بەرهەمە کەنەدییەکانی دیکەدا دەسەپێنێت.

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕەخنە لە بڕیارەکانی کۆشکی سپی دەگرێت و دەڵێت ئەمەریکاییەکان داوای زۆریان لە کەنەدا هەیە بەڵام کەم دەبەخشن.

بڕیارە نوێیەکە لە ڕۆژی 29ی مانگی نۆ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.