عێراق: هێرشی سەر کەشتیە نەوتهەڵگرەکە قوربانی لێنەکەوتووەتەوە و نەوت نەڕژاوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەو کەشتییەی لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا کرایە ئامانج، تەنها زیانی بە بەشی ژێرەوەی کەشتییەکە گەیاندووە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ قوربانییەک لە ئەنجامی ئەو پێکرانە تۆمار نەکراوە و نەوتیش نەڕژاوەتە ناو دەریاوە.

کەشتییە نەوتهەڵگرەکە ئاڵای وڵاتی پەنەمای هەڵکردووە و کاتژمێر پێنج و نیوی بەیانی بەکاتی عێراق کراوەتە ئامانج، کاتێک لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا بووە.

هاوکات ناوەندی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەندەری فاو لە عێراق هێرشی کراوەتە سەر.