دادگاییکردنی کۆمپانیای هواوی چینی لە ئەمەریکا بە تۆمەتی مامەڵەکانی لەگەڵ ئێران دەستیپێکرد

پاش تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەت لە دادگا بۆ کۆمپانیای هواوەی چینی بواری تەکنەلەجیا لە پای فێڵکردنی لە بانگی ئێچ ئێس بی سی و بانکی دیکە لە مامەڵەی نهێنییدا لەگەڵ ئێران، ئەمڕۆ لە شاری نیویۆرک دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایە دەستپێکرد.

هواوی تۆمەتی دیکەشی رووبەڕووکراوەتەوە بەهۆی پیلانگێڕیکردنی بۆ دزینی نهێنی بواری تەکنەلۆجی لە کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانی ئەمەریکا و هەروەها تۆمەتباریشکراوە بە درۆکردن لەبارەی مامەڵەکانی ئەو کۆمپانیایە لەگەڵ کۆریای باکور و پێدانی کەلوپەلی چاودێریکردنی نهێنی بە ئێران بۆ شوێنزانینی خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2009 ئەو وڵاتە لە دژی رژێمی تاران.

چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی سوێندخواران لە دادگای فیدراڵی لە بروکلینی نیویۆرک دیاریبکرێت.

ئەم دادگاییکردنە کۆتایی دەهێنێت بە ناکۆکییەکانی پێشوو و زۆر چاودێریکراوی ئەمەریکا لە دژی ئەو کۆمپانیا چینییە. ئەم دادگاییکردنە لە کاتێکیشدا دێت کە ڕکابەرییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە گەرمبووندایە بۆ رێگرتن لەوەی تەکنەلۆجیای ئەمەریکی لە خزمەتی کۆمەکی سەربازیی چیندا بەکاربێت.

شەڕی تەکنەلۆجی نێوان ئەمەریکا و چیین ئێستا چەندین بواری تەکنەلۆجیای گرتۆتەوە، لەنێویاندا ژیریی دەستکرد.

ئەم بەزمە ساڵی 2018 دەستیپێکرد کاتێک مێنگ وانژۆی بەرپرسی باڵای دارایی هواوەی لە شاری ڤانکوڤەری کەندا دەستگیرکرا، کە قەیرانێکی دیپلۆماتی لێکەوتەوە کە ئەمەریکا و کەنەدا و چیینی گرتەوە.

ساغبوونەوەی تۆمەت بەسەر هواویدا لەبارەی پێشێلکارییە پەیوەندیدارەکانەوە بە ئێران، پێگەی واشنتن بەهێزتردەکات کە هواوی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی چیین، خستۆتە لیستی ڕەشی بازرگانییەوە لە ساڵی 2019وە، بەتۆمەتی ئەوەی کاری تاوانکاریی ئەنجامداوە کە هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی.

بڕیارە دادگاییکردنەکە ماوی سێ مانگ بخایەنێت و هاوکاتیشە لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شی جینگ پینگ ی سەرۆکی چیین بۆ ئەمەریکا لە 24 نۆی ئەمساڵدا بۆ کۆبونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا لە واشنتن.

ئەو کەسانەی کە دیاریکراون بۆ هەڵبژاردن وەک دەستەی سوێندخواران، دەبێت وەڵامی چەندین پرسیار بدەنەوە کە 27 لاپەڕە دەبێت، لەنێو پرسیارەکاندا پرسیار هەن لەبارەی دیدگای کەسەکە لەبارەی حکومەتی چیین و ئێران.

لە تۆمەتەکانی دیکەش کە ڕووبەڕووی هواوەی کراونتەوە تۆمەتی پێشێلکردنی ئابڵوقەکانی ئەمەریکایە لەسەر ئێران، پارە سپیکردنەوە، فرتوفێڵکردن، حەواڵەکردنی پارەی نایاسایی، و ڕێگریکردن لە ڕێکارە یاساییەکان هەن.

هواوەی لە یەکەم دەرکەوتنی دادگادا رایگەیاند کە بێتاوانە لەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی کراونتەوە و نکوڵێکرد لەوەی هیچ کارێکی نایاساییکردبێت.

ئەم کەیسە تاوانکارییە لەسەر بنەمای کاری رۆژنامەوانیی دەزگای رۆیتەرزە کە ساڵەکانی 2012 و 2013 بڵاویکردنەوە لەبارەی پەیوەندی نێوان هواوەی و سکایکۆم، کە کۆمپانیایەکە لە ئێران کاریکردووە.

رۆیتەرز ئەوکات بڵاویکردەوە کە سکایکۆم پێشنیازیکردبوو بایی یەک ملیۆن و نیو دۆلار کەلوپەکی کۆمپیوتەریی ئێچ پی ئابڵوقە لەسەر بفرۆشێت بە گەورەترین کۆمپانیای مۆبایل لە ئێران لە ساڵی 2010.

رۆیتەرز بڵاویکردبووەوە کە مێنگ یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانی بۆردی سکایکۆم لە نێوان مانگی دووی 2008 تاوەکو مانگی چواری 2009.

چین لە سەرەتاوە ڕەخنەی لە کەیسەکە گرت و دەیوت کە بەشێکە لە هەڵمەتێکی گەورەتر لە دژی هەڵکشانی تەکنەلۆجیی چین. وتەبێژێکی هواوی رۆژی شەممە وتی "ئەو گێڕانەوە زیادەڕەوانەی حکومەت بەشێوەیەکی بەرچاو ناڕاستە."

لە ئێستادا هواوی بەشی سەرەکییە لە ویستەکانی چیین بۆ گەیشتن بە چیپی ژیریی دەستکرد، و بواری کارکردنی فراوانترکردووە لە کەلوپەلی تۆڕی مۆبایل و دروستکردنی تەلەفۆنی مۆبایل.

هواوی ئەو کەیسە تاوانکارییەی وەک هەوڵێک ناوبردووە بۆ رێگریکردنی لە توانای ڕکابەرییانەی کۆمپانیاکە و تۆمەتبارکردنیشی بە دزیی وەها وەسفکردووە کە گەرمکردنەوەی ئەو ناکۆکییە بازرگانییە کۆنەیە کە لە مێژەوە هەیە.

ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر هواویدا ساغببنەوە، داواکارانی گشتی ئەمەریکا هەوڵی دەستگرتن دەدەن بەسەر موڵک و داهاتی دەستکەوتوو لە ئەنجامی ئەو چالاکییە نایاساییانە.

ئەم کەیسەی دژی هواوەی لە ماوەی یەکەم ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا دەستیپێکرد. ئەوکات ئیدارەی ترەمپ هەنگاوینا بەرەو رێگرتن لە بەکارهێنانی کەلوپەلی هواوەی لە ئەمەریکا و داوای لە وڵاتانی دیکەشکرد هواوەی لە تۆڕەکانی پەیوەندیکردنی خۆیان وەدەرنێن، و دەیانوت کە ئەگەری هەیە چیین هواوەی بەکاربهێنێت بۆ کاری سیخوڕیی.

تۆمەتەکان ئەنجامدانی کاری نایاسایی لەنێوان ساڵانی 1999 بۆ 2020 دەگرێتەوە.

کەیسەکە هواوی بەوە تۆمەتباردەکات کە کۆمپانیای سکایکۆمی بەکارهێناوە بۆ دەستخستنی شمەک و تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزاریی ئەمەریکایی ئابڵوقە لەسەر بۆ بزنسەکانی هواوی لە ئێران، و هەروەها گواستنەوەی پارە لە ئێرانەوە لە ڕێگەی سیستەمی بانکداریی نێودەوڵەتییەوە.

ئەمەریکا دەڵێت کە یەکێک لە بانکەکان، کە لە تۆمەتەکانی کەیسەکەدا ناوی نەهێنراوە، بەڵام سەرچاوەکان و بەڵگە بینراوەکان لەلایەن رۆیتەرزەوە دەریانخستووە کە ئەو بانکە بانکی ئێچ ئێس بی سیە، بایی 100 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی ئاڵوگۆڕیکردووە لە پەیوەندیدا بە کۆمپانیای سکایکۆمەوە.

داواکارانی یاسایی ئەمەریکا مێنگ بەوە تۆمەتباردەکەن کە ئەو ڕاستییەی شاردۆتەوە کە هواوەی خاوەنداریی و پشکی هەیە لە سکایکۆم کاتێک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بانکی ئێچ ئێس بی سی قسەیکردووە. مێنگ دواتر دانی بەوەدا نا کە قسەکانی ناڕاست بوون، ئەوەش بەشێك بوو لە رێککەوتنێک لەگەڵ داواکارانی ئەمەریکا لە پێناو ئەوەی واز لە داواکەیان بهێنن لە دژی.