یادی پەنجا ساڵەی هاتنی ڕەوەندی کورد بۆ ناشڤیل "کوردستانی بچووک" دەکرێتەوە

شاری ناشڤیل لە ئەمەریکا کە بە "کوردستانی بچووک" ناسراوە، رۆژی یەکشەممە، شەشی نۆ، ڕەوەندی کوردی لەو شارە بۆنەیەکیان بە بۆنەی پەنجا ساڵەی هاتنی کوردان بۆ شارەکە سازکرد.

کوردانی ناشڤیل و چەندین ویلایەتی دیکە ئامادەی ئەو بۆنەیە بوون. پەنجا ساڵ پێش ئێستا یەکەم دەستەی ئاوارەی کورد گەیشتنە شارەکە لە دوای نسکۆی شۆڕی کورد لە ساڵی 1975.

ئەو یادی پەنجا ساڵەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا کە بووە لانکەی ئاوارەی کورد.

کوردانی ناشڤیل لە وڵات و ناوچەی جیاجیای کوردستانەوە هاتوونە شارەکە، زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتەوە هاتوون.

لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی لە دوای نەوەدەکانەوە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر خێزانی تر هاتوونە شارە. کوردانی باکوور، ڕۆژاڤا و ناوچەکانی دیکەش بەشێکن لەو جڤاکە.