هێگسێت بۆ ئێران: ئەگەر هێرش بکەنە سەر هێزەکانمان کەشتییە نەوتهەڵگرەکانتان لەناو دەبەین

پیت هێگسێث وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداریی دایە ئێران لە ئەگەری هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا و وتی، هێزەکانی ئەمەریکا کەشتییە نەوتهەڵگرەکانتان لەناو دەبەن.

ئەم لێدوانەی هێگسێت دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا سێنتکۆم هێرشی کردە سەر سێ کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی وەک کاردانەوە بەرامبەر هێرشی سەرنەکەوتووی ئێران بۆ سەر دوو کەشتی هێزی دەریایی ئەمەریکا.


هێگسێت ڕۆژی شەممە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس وتی: بەکورتی ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا، ئێمە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان لەناو دەبەین.

وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاندووە کە "ئێران هیچ هێزێکی دەریایی و ئاسمانی نییە". بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێزی دەریایی ئەمەریکا توانای ئەوەی هەیە کەشتییە ئێرانییەکان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم بکاتە ئامانج.