ئەمەریکا سزا دەخاتە سەر بانکێک لە تورکیا بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ سوپای پاسداران

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا، سزای بەسەر بانکێک لە تورکیا و دوو دامەزراوەی سەر بەو بانکە سەپاندووە، ئەمەش بە هۆی ئاسانکاری مامەڵەی دارایی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای قودسی سوپای پاسداران.

نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی،4ی مانگی نۆ ڕایگەیاند گۆڵدن گڵوباڵ بانک و دوو دامەزراوەی سەر بەو بانکەی لە تورکیای خستووەتە لیستی سزاکانیانەوە.

بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەو بانکە بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار مامەڵەی بۆ سوپای قودسی سپای پاسداران کردووە و ئاسانکاریشی کردووە بۆ دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ گواستنەوەی پارە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پێویستە دامەزراوە داراییەکان بزانن کە واشنتن جدییە لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری و هۆشداریشیدا لەوەی کە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی دارایی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بانک و دامەزراوە داراییەکانی زیاتر بەرەوڕووی سزاکانی ئەمەریکا بکاتەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها رایگەیاندووە لە گۆڵدن گڵوباڵ بانک بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی داهاتی نەوتی کۆماری ئیسلامی لە چینەوە بۆ تورکیا کەڵک وەرگیراوە و دواتر ئەو پارانە لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئاڵوگۆڕی پارەوە، گۆڕدراون بۆ پارەی نەختینە و زێڕ.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە گۆڵدن گڵوباڵ بانک خزمەتگوزاری بانکی پێشکەش بە دامەزراوە داراییەکانی ئێران کردووە و لە ڕێگەی ئەو هەژمارانەی پەیوەستن بە هێزی قودسی سوپای پاسداران و تۆڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران ئاسانکاری کردووە.

واشنتن هەروەها ئاماژەی بە دۆسیەی بازرگان سیتکی ئایانی تورک و کۆمپانیاکانی پەیوەست بەوەوە کرد و رایگەیاندووە کە تۆڕەکە لە ساڵی 2022دا سزا دراوە بەهۆی ڕۆڵی لە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلاری پەیوەست بە فرۆشتنی نەوتی سوپای قودسی سوپای پاسدارانەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە لە ئەنجامی سزاکاندا، هەموو سەروەت و سامان و بەرژەوەندییە داراییەکانی قەوارە سزادراوەکان کە لە ئەمەریکا یان لە ژێر کۆنترۆڵی کەسانی ئەمەریکاییدان، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و سڕ دەکرێن.

وەزارەتەکە هۆشداری داوە لەوەی ئەو دامەزراوە داراییە بیانییانەی کە ئاسانکاری بۆ مامەڵەی بەرچاو بۆ کەسانێک یان لایەنە سزادراوەکان دەکەن، لەوانەیە ڕووبەڕووی سزای لاوەکی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا ببنەوە.