سکات بەسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتن و بەیژینگ کۆکن لەسەر گرنگی هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی.
بەسێنت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی گرووپی بیست لە کارۆلینای باکوور وتی: ئێمە خاڵی هاوبەشمان زیاترە لەگەڵ چین سەبارەت بە ئێران وەک لەوەی ناکۆکیمان هەبێت.
وتیشی "چین ڕازییە لەسەر ئەوەی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، چین ڕازییە کە بازرگانی دەریایی ئازاد لە گەرووی هورمزدا هەبێت، چین لەسەدا 50ی وزەی خۆی لە کەنداوی فارسەوە وەردەگرێت."
بەسێنت وتی بۆیە پێموایە ئەوەی لە ئەستۆی چینە کە کار بۆ چارەسەرێکی دروست بکات. وە هەروەها "دەبینین چۆن بەدواداچوون دەکەن."
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی گرووپی بیستدا لەگەڵ ڕووسیا و چین باسیان لە ڕێوشوێنە ئابوورییە ئەگەرییەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی کردووە.
سەبارەت بە وەڵامی تاران وتی: "ڕەنگە وەڵامی سەربازی زیاتر بدەنەوە، بەڵام ئامادە دەبن بۆ دانوستاندن."