دوناڵد ترامپ ڕۆژی هەینی 28ی مانگی هەشت لە ناوەندی واڵایی ئاسمانی جۆنسۆن کە سەر بە ناسایە لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس، ڕۆڵی هێزی واڵایی ئاسمانی ئەمەریکای لە "گەمارۆی دەریایی" ڕێژیمی ئێران و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا بە بەرز نرخاند.
سەرۆک ترامپ لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد هێزی واڵایی ئاسمانی ئەمەریکا بە پێدانی زانیاریی هەواڵگریی وردی سەربازی لە نێویاندا "گەمارۆی دەریایی" ڕژێمی ئێران و دەستگیرکردنی مادورۆ، سەرۆکی لەکارلادراوی ڤەنزوێلا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵاتی ئەمەریکادا بینیوە.
سەرۆک ترامپ لە چەند وتارێکدا لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە ئەمریکا زانیاریی تەواو و وردی هەیە لەسەر هەموو چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی واڵایی ئاسمانەوە، بە تایبەت چالاکییەکانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران و لە ئەگەری پێویستدا ئامادەیە بە خێرایی وەڵامی ئەو جموجۆڵانە بداتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا لە مەراسیمی بەخشینی "مەدالیای شەرەفی والایی ئاسمانی کۆنگرێس" بە چوار تیمی کەشتی ئاسمانی "ئارتێمیس 2"، هەروەها ڕایگەیاند کە فەرمانی جێبەجێکاری بۆ دامەزراندنی "زانکۆی واڵایی ئاسمان" دەرکردووە.
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئەمەریکا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگاتە سەر مانگ و زۆر دوورتر لە مانگیش، بەجۆرێک مانگ دەبێتە شوێنێکی نزیک بۆ ئەمەریکا، هەر بۆیەش "سەنتەری زانکۆی واڵایی ئاسمان" ڕاهێنان بە نەوەی داهاتووی ئەفسەر و پیشەگەرەکانی واڵایی ئاسمان دەکات بۆ ئەوەی "ئەمریکا هەمیشە یەکەم بێت لە بواری واڵایی ئاسماندا."
سەرۆک ترامپ ئەمەریکای بە "نەتەوەی پێشەنگ لە واڵایی ئاسمان" ناوبرد و وتی کە "ئاڵای ئازادی ئەمەریکا" لە مێژە "لە ئەستێرەکاندا" بەرزکراوەتەوە.
دۆناڵد ترامپ وتی "جارێکی دیکە دەستمان بە جوڵەکردن کردووەتەوە بۆ سەر مانگ، بەم زووانە یەکەم نەتەوە دەبین لەسەر زەوی کە دەچینە سەر مەریخ."
سەرۆکی ئەمەریکا ساڵی 2028ی وەک خاڵی دەستپێک بۆ گواستنەوەی ئاسمانگەڕە ئەمریکییەکان بۆ مەریخ دانا.
دوای ئەم وتارە، سەرۆک ترامپ "مەدالیای شەرەفی واڵایی ئاسمانی کۆنگرێس"ی بەخشییە چوار تیمی کەشتی ئاسمانی "ئارتمیس 2" کە بەم دواییە گەشتیان بۆ خولگەی مانگ کرد و پاشان لە وێستگەی واڵایی ئاسمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئاسمانگەڕەکان قسەی کرد.