دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکرد بۆ گۆڕینی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ دەریاچەی ئەمەریکا لە بەکارهێنانە فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکادا.
بە گوێرەی فەرمانەکە، وەزارەتی ناوخۆی ئەمەریکا و دەستەی ناوە جوگرافییەکانی ئەمەریکا ئەو ئەرکەیان خرایە ئەستۆ کە ناوە نوێیەکە لە سیستەمی زانیاری ناوە جوگرافییەکان تۆمار بکەن و ئاماژە فیدراڵیەکان بۆ "دەریاچەی ئۆنتاریۆ" لە ماوەی 30 ڕۆژدا ڕاست بکەنەوە. ترامپ لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند گۆڕانکارییەکە "دەستبەجێ" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی جیۆلۆجی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو ناوە بۆ بەڵگەنامە ئەلیکترۆنییە فەرمییەکانی ئاژانسەکە دانراوە و بەڵگەنامە چاپکراوەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نوێدەکرێنەوە.
ترامپ لە لێدوانەکانیدا کە ڕەخنەی لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا و کەنەدا گرت، ڕایگەیاند کەنەدا ماوەیەکی زۆرە سوود لە بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکادا دەبات و ئەمەریکا لە بەرامبەر بەرگریکردن لە کەنەدا هیچی پێناگات. ئاماژەی بەوەشکرد لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا بە تێکڕا 60 ملیار دۆلاری لە ساڵێکدا لە بازرگانی لەگەڵ کەنەدا زیان کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند گۆڕینی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ شتێکە کە ماوەیەکی زۆرە بیری لێدەکاتەوە. ئەو هەنگاوەی بەراورد کرد بە گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیک بە کەنداوەکانی ئەمەریکا.
نزیکەی لەسەدا 52ی دەریاچەی ئۆنتاریۆ لە کەنەدایە و ئەوی دیکەی دەکەوێتە ویلایەتی نیویۆرک لە ئەمەریکا. بەڵام کەیتی هۆکلی، پارێزگاری دیموکراتەکانی نیویۆرک ڕایگەیاندووە کە ویلایەتەکە ئەو ناوە نوێیە بەکارناهێنێت.
هەروەها مارک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا وەڵامی ئەو هەنگاوەی دایەوە و ڕایگەیاند کە ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ تەمەنی زیاتر لە 400 ساڵە و لە پێش دروستبوونی کەنەدا و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکاوە بەکارهاتووە. جەختی لەوە کردەوە کە کەنەدیەکان دەریاچەکە بە ئۆنتاریۆ ناودەبەن "ئەمڕۆ و سبەی و هەمیشە"ش.