سەرۆک ترامپ: تەنگەی هورمز کراوەیە و شتەکانی دیکە گرنگ نین

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ ئەکسیۆس سەبارەت بە تەنگەی هورمز، پێداگری لەسەر ئەوە کرد تەنگەکە ئێستا کراوەیە.

سەرۆک ترامپ وتی "وەڵامی ئێران زۆر نەرم بووە و ئەوان نایانەوێت جارێکی تر هێرش بکەینە سەریان، ئەمە تەواوی چیرۆکەکەیە و باقی شتەکان گرنگ نییە."

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ژەنەڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند هێڵە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانی لە تەنگەی هورمز لە مینە دەریاییەکانی ئێران پاک کراونەتەوە." براد کوپەر ئەم دەستکەوتەی بە خاڵێکی وەرچەرخان ناو برد.

سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی "کێشەی قووڵ" بووەتەوە و ئەمەریکا توانای دەریایی ئەو وڵاتەی زیاتر لاواز کردووە و ئێرانی خستووەتە ژێر گەمارۆی دەریایی و نەوتیش لە تەنگەی هورمز دەگوازرێتەوە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتی واژۆکردنی فەرمانی جێبەجێکاری بۆ گۆڕینی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ دەریاچەی ئەمەریکا وتی "ئێران لە کێشەیەکی قووڵدایە."

جەختیشی لەوە کردەوە کە تەنگەی هورمز کراوەیە و کەشتییەکان ئازادن کە تێیدا تێپەڕن. بە گوتەی سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت بەو ڕێڕەوە ئاوییەدا تێدەپەڕن بەبێ هیچ کێشەیەک.

سەرۆک ترامپ هەروەها وتی "ئەمەریکا لە توانا پێشکەوتووەکانی لە بواری پاککردنەوەی مین، کەڵکی وەرگرتووە بۆ پاککردنەوەی ئەو مینانەی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمز داینابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی ئەمەریکا توانای ئەوەیان هەیە هەر جۆرە مینێکی نوێی دەستنیشان بکەن و بیدۆزنەوە و لە تەنگەکە پاکی بکەنەوە.

ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، هەموو شەوێک 20 بۆ 30 کەشتی نەوتهەڵگر بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. ئەمەش نزیکەی نیوەی ژمارەی ئەو کەشتیانەیە کە پێش جەنگ بەو ڕێگایەدا تێپەڕیون.

کاربەدەستێکی ئەمەریکایی بە ئەو دەزگایەی ڕاگەیاندووە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هێرشی کردووەتە سەر نزیکەی لەسەدا 2ی ئەو کەشتیانەی کە بەو تەنگەیەدا تێپەڕیون.