سەرۆک ترامپ سەردانی ناسا دەکات

دۆناڵد ترامپ بە سەردانێکی دوو ڕۆژی لە هیوستنی تەکساسە و بڕیارە ڕۆژی هەینی کاتژمێر 11:00ی بەیانی بە کاتی هیوستن سەردانی ناسا بکات.
سەرۆک ترامپ مەدالیای شەڕەف دەبەخشێت بە گەردوونگەڕانی ئارتمیس 2، هەروەها پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەنتەری واڵایی ئاسمانی جۆنسن ئەنجام دەدات.

ماوەیەک پێش ئێستا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا فەرمانێکی جێبەجێکردنی واژۆکرد بۆ زیادکردنی ڕێژەی هەڵدانی موشەک لە پرۆگرامی واڵایی ئاسمانی ئەمەریکادا. کۆشکی سپی دەیەوێت تا ساڵی 2030 ساڵانە لانیکەم هەزار مووشەک هەڵبدرێتە واڵایی ئاسمان و بشگەڕینەوە بۆ سەر زەوی.

گەڕانەوەی مووشەکەکان بۆ سەر زەوی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی موشەکەکانە کە لەم دواییانەدا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و هەروەها بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەیشتن بەو ژمارە زۆرەی هەڵدانە دادەنرێت.

بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، سەرۆک ترامپ فەرمانی بە دەزگا حکومییەکانی وڵاتەکەی داوە، زەوییەکی حکومەت تەرخان بکرێت بۆ دروستکردنی شوێنی نوێی هەڵدانی و نیشتنەوەی مووشەکەکان و بڕیارە لە ماوەی 90 ڕۆژدا شوێنی نیشتنەوەی نوێی حکومەتی بۆ کەشتییە ئاسمانییەکان دیاری بکرێت. سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها داوای کردووە کە دەزگاکانی حکومەت ڕکابەری لەگەڵ کۆمپانیا بازرگانییەکان نەکەن مەگەر ئەوەی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکە پێویستی پێی بێت.

ئامانج لەم فەرمانە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتی پیشەسازی واڵایی ئاسمانە. بەپێی ئەم فەرمانە، دەزگا بەرپرسیارەکانی ئەمەریکا دەبێت پەرە بە ژێرخانەکانی کەرتی واڵایی ئاسمان بدەن لەگەڵ هاوبەشە تایبەتەکان و هەروەها پرۆسەکانی مۆڵەتدان خێراتر بکەن و دڵنیابن لە بەردەستبوونی فرێکوێنسی ڕادیۆیی پێویست.

سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ناسا بەشێکە لەبەرنامەکانی سەرنجدانی زیاتر بەم کەرتە. شایەنی باسە ترامپ لە ڕۆژی پێنجشەممە لە بنکەی هاوبەشی ئیلینگتن فیڵد لە هیوستن دابەزی. وا بڕیارە هەر ڕۆژی هەینی بگەڕێتەوە بۆ واشنتنی پایتەخت.