کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە دووپاتیکردەوە کە لە ئێستادا هیچ دانوساندنێک لەنێوان ئەمەریکا و ئێران لە ئارادا نیە، ئەمەش لەسەروبەندی هەوڵە دیپلۆماتییەکانە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و سەردانی دیپلۆماتکاری باڵای قەتەر بۆ ئێران.
کارۆلین لێڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی کە بڕیارە بەم زووانە پۆستەکەی جێبهێڵێت، رۆژی پێنجشەممە بە فۆکس نیوزی وت "لە ئێستادا هیچ دانووساندنێک نیە، و ئەمەش تاوەکو ئەو کاتە بەردەوامدەبێت کە سەرۆک هەستبکات ئەوان بەشێوەیەکی مانادار دێنە سەر مێزی دانوساندن، کە تاوەکو ئێستا ئەوەمان نەبینیووە."
لێڤیت وتی ئەمەریکا "هەموو ئامرازێکی ئابووریی" بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی فشار لەسەر ئێران.
لەلایەکی دیکەوە شێخ محەمەد بن عەبدولرەحمان بن جاسم ئال سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە تاران لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتای کۆبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "گفتوگۆکان باسی دوایین پێشهاتەکان دەکەن لە ناوچەکە و هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و خوڵقاندنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ گفتوگۆ."
قەتەر و پاکستان ناوەندگیرییانکرد بۆ رێکەوتنە کاتییەکەی 18 ی شەش لەنێوان ئەمەریکا و ئێران.
وەزارتی دەرەوە ئەوەشی ووت کە گفتوگۆکان باسی چوارچێوەیەکی کاتیی پێشنیازکراویانکردووە کە دامەزرادندنی راڕەوێکی کاتیی هاوبەشی هاتووچۆکردن بە گەرووی هورمزدا لەخۆدەگرێت.
پێشنیازی "ڕاڕەوێکی دەریاوانیی" کاتیی بە دیدگای دامەزرادنی "ڕاڕەوێکی دەریاوانیی هەمیشەیی" پێشتر لە گفتوگۆکانی نێوان عێراقچی و هاوتا عومانییەکەی رۆژی سێشەممە گفتوگۆی لەسەرکرا.
قەتەر ئەوەشی ووت کە هەردوولا گفتوگۆیانکردووە لەسەر پرۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لە میین، کە ئەویش بەشێک بووە لەو پێشنیازەی نێوان ئێران و عومان.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەردا هاتووە کە هەردوولا جەختیانکردۆتەوە لەسەر گرنگیی بەردوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماتیەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە.
رۆژی سێشەممە سەرۆک ترامپ رایگەیاند کە میینە دەریاییە نراوەکان لەلایەن ئێرانەوە لە راڕەوە ئاوییەکەدا پاککراونتەوە، و هۆشداریدایە تاران کە هێزەکانی ئەمەریکا ئامادەن بۆ تێکشکاندنی هەر کەشتی و بەلەمێک کە میین بنێتەوە. هەروەها ووتیشی کە گەرووەکە کراوەیە.