دۆناڵد ترامپ لێدوانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بڵاودەکاتەوە کە دەڵێت 'ئێمە برسین'

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە, ڕاپۆرتێکی نیوزماکسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال بڵاوکردەوە کە تێیدا محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت 'ئێران برسییە'.

لە پەیامەکەدا قالباف هۆشداریشی دەدات لەوەی ئەگەر خەڵک برسی بن و ئابووریی ئێران لە تێکچوون بەردەوام بێت، بە تەنیا دەسەڵاتی سەربازی ناتوانێت پارێزگاری لە ڕێژیمی ئێران بکات. وتیشی "ئێمە برسیین، ناتوانین درێژە بە ژیان بدەین."

بەگوێرەی ڕاپۆرتی نیوزماکس، قالباف ڕایگەیاندووە کە ناتوانرێت دەسەڵاتی سەربازی لە دەسەڵاتی ئابووری جیا بکرێتەوە. ئەو ئاسایش و ئابووری بە "دوو باڵ" وەسف کرد کە بەیەکەوە گرێدراون و هەریەکەیان وابەستەی ئەویترن.

لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ سەبارەت بە قسەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵدەدات فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران زیاد بکات.

سکات باسنێت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە سزا نوێیەکانی سەر ئێران ڕادەگەیەنێت. ئەو سزایانەی بە “گەورەترین هێرشی ئابووری بۆ سەر دوژمن” ناوبرد.

لە ناوخۆی ئێراندا، ڕاپۆرتەکان ڕۆژی دووشەممە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهای تمەنی ئێرانی، نزمترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکردووە.