کیرکوود دڵخۆشە بە سەرکەوتنەکەی لە پێشبڕکێی جیهانی ئۆتۆمبێل لە یادی  250ی سەربەخۆیی ئەمەریکادا

کایەڵ کیرکوودی شۆفێری ئەمەریکایی ئەندرێتی گلۆبەڵ، لە پێشبڕکێی جیهانی ئۆتۆمبێل بە بۆنەی یادی 250 ی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە واشنتنی پایتەخت، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. ئەو لە دەستپێکی پێشبڕکێکەدا پێش ئەلێکس پەلاوی کەوتەوە و تاکۆتایی پێشەنگیی پاراست.

کیرکوود وتی کە ئەوە تەنها پێشبڕكێی ئیندیکاڕ نەبوو، بەڵکو بۆنەیەکی ئاهەنگگێڕانی ئەمەریکایی نەریت و نیشتمانپەروەریی بوو. ئەوەی کە کیرکوودی خۆشحاڵتر کرد، پاش تێپەڕاندنی هێڵی کۆتایی سەرنجیدا کە سەرۆک ترامپ لەوێیە و چەپڵەی بۆ لێدەدات.

کیرکوود وتیشی یەکجار گرنگە بۆ ئەمەریکاییەکی پڕشانازی کە ببینێت سەرۆکەکەی پشتیوانیی لە سەرکەوتنەکەی دەکات.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ و خانمی یەکەم پێش دەستپێکردنی پێشبڕکێکە، بە ڕێڕەوی پێشبڕکێکەدا بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سەرۆکایەتی گەڕێکیان ئەنجامدا. دواتر ترامپ ئاڵای سەوزی بەرزکردەوە و پێشبڕکێکە دەستپێکرد.

درێژی ڕێڕەوە کاتییەکەی ئەم پێشبڕکێیە 1.7 میل بوو و حەوت پێچی تێدابوو. بەشداربووانی پێشبڕکێکە دەبوو 147 گەڕ تەواو بکەن، بەمەش کۆی مەودای گەشتەکە گەیشتە نزیکەی 250 میل.

کیرکوود بە نزیکەی 3.1 چرکە لە کریستیەن لاگاردی بردەوە و ویڵ پاوەر پلەی سێیەمی بەدەستهێنا. پەڵاو کە لە پێشەنگی پێشبڕکێکەدا بوو بە پلەی 20ەم دەرچوو پاش سزادان و پێکدادان.