شەقامەکانی دەوروبەری کۆنگرێس بوون بە ڕێڕەوی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل؛ سەرۆک ترامپ دەستپێکردنی پێشبڕکێکەی ڕاگەیاند

شەقامەکانی دەوروبەری کۆنگرێسی ئەمەریکا و مۆڵی نیشتمانی پایتەختی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بوون بە گۆڕەپانی پێشبڕکێی ئوتۆمبێلەکانی ئیندیکار و لەیەکەم ڕۆژی ئەم پێشبڕکێیەدا، ئوتۆمبێلەکان لە نزیک شوێنەوارە دیار و سمبولیکەکانی واشنتندا تێپەڕین.

پێشبڕکێی ئازادی 250 کە لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکانی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا بەڕێوەچوو، دەیان هەزار بینەری بۆ ناوەندی شاری واشنتن ڕاکێشا، بەشێک لە شەقامەکانی دەوروبەری کۆنگرێس، مۆڵی نیشتمانی، ئەرشیفی نیشتمانی و گەلەری نیشتمانی هونەری کردە ڕێڕەوی پێشبڕکێکان. ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە زیاتر لە 150 هەزار بینەر بەشدارییان کردووە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ و خانمی یەکەمی میلانیا ترامپ پێش دەستپێکردنی پێشبڕکێکە، بە ڕێڕەوی پێشبڕکێکان لەناو لیمۆزینی زرێپۆشی سەرۆکایەتیدا ڕۆیشتن. دواتر ترامپ ئاڵای سەوزی بەرز کردەوە بۆ ئەوەی کێبڕکێکە بە فەرمی دەست پێبکات.

سەرۆک ترامپ پێش پێشبڕکێکە بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند قەرەباڵغییەکە ئەوەندە زۆر بووە کە بەرپرسان ناچاربوون هەندێک پرد دابخەن کە دەچنە ناو شارەکەوە، "چونکە خەڵکێکی زۆر هەوڵیان دەدا بگەنە ئەوێ. هەروەها وتی پلانی هەیە بە ئۆتۆمبێلێکی "پارێزراو" جارێک بە ڕێڕەوەی کێبڕکێکەدا بڕوات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، خاوەنی کۆمپانیای ئیندیکار ڕۆجەر پێنسکی پێی وتووە نزیکەی 20 ساڵە هەوڵدەدات ئەم پێشبڕکێیە بهێنێتە واشنتن. ترامپ وتی دوای ئەم پێشنیارە، ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پێشبڕکێیە کەوتە بواری جێبەجێکردن و زوو بە خێرایی ڕووداوەکە "زۆر لەوە گەورەتر بوو کە ئێمە خەیاڵمان بۆی دەچوو."

درێژی ڕێڕەوە کاتییەکەی ئەم کێبڕکێیە، 1.7 مایلە و حەوت پێچ و پەنای هەیە. بەشداربوانی کێبڕکێکە دەبێت 147 خول تەواو دەکەن، بەمەش کۆی مەودای گەشتەکە دەگاتە نزیکەی 250 مایل؛ ئەم ژمارەیەش بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا هەڵبژێردراوە. ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن لە هەندێک بەش لە ڕێڕەوەکەدا خێراییەکانیان بگاتە 185 مایل لە کاتژمێرێکدا.


ئەلێکس پالۆی ئیسپانی، پاڵەوانی ئێستای ئیندیکار، پێشبڕکێی ڕۆژی یەکشەممەی لە خاڵی یەکەمەوە دەستپێکرد و کایل کرکودی ئەمەریکایی لە تەنیشتیەوە لە ڕیزی پێشەوە بوو. پێشبڕکێکە تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا بەردەوامە.