لە نێو دەستکەوتە هەمەچەشنەکانی ئەمەریکا لەماوەی 250 ساڵ مێژووی ئەم وڵاتە، ڕەنگە یەکێک لە بەنرخترین میراتەکانی پاراستنی سروشتەکەی بێت کە لەم وڵاتەدا وا جێکەوتووە کە هی تاک بە تاکی مرۆڤەکانی جیهانە. پارکە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا نموونەی ئەو باوەڕەن کە جوانی سروشتی وڵاتێک تەنها بۆ ئەم نەوەیە نییە، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووشە.
بیرۆکەی پاراستنی سروشت لە ئەمەریکا زیاتر لە 150 ساڵ لەمەوبەر بە دامەزراندنی پارکی نیشتمانی یەڵۆستۆن لە ساڵی 1872 پێی خستە قۆناغێکی مێژووییەوە. یەڵۆستۆن بە یەکەم پارکی نیشتمانی جیهان ناسراوە و دامەزراندنی دەریخست کە هەندێک دیمەنی سروشتی ئەوەندە بەنرخن کە پێویستە بۆ هەمیشە و بۆ هەموو مرۆڤەکان بپارێزرێن.
دیمەنێک پارکی یەڵۆستۆن کە یەکەمین پارکی نیشتمانی ئەمەریکایە
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە 150 ساڵ لە دامەزراندنی یەڵۆستۆن، پارکە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا لە ڕیزی بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم وڵاتەدان. ئامارەکانی ساڵی 2025 ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و باس لەوە دەکەن پارکی گرەیت سمۆکی ماونتێنز پلەی یەکەمی لەڕووی گەشتیارییەوە لەنێو پارکەکان بەدەستهێناوە و تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە یازدە ملیۆن کەس سەردانی کردووە. لە دوای ئەویش پارکی نیشتمانی زایۆن و دواتریش یەڵۆستۆن کە هەردوویان نزیکەی پێنج ملیۆن سەردانیان کردووە و دەیان پارکی دیکەش لە وڵاتەکەدا بە هەمان شێوە ساڵانە بە ملێۆن گەشتیار ڕووی تێدەکەن.
دیمەنێک لە پارکی نیشتمانی گرەیت سمۆکی ماونتێنز
ئەم پێشوازە بەرفراوانە ئەوە دەردەخات کە پارکە نیشتمانییەکان تەنیا شوێنێک نین بۆ کات بەسەربردن، بەڵکو بەشێکی گرنگن لە میراتی سروشتی و کولتووری ئەمەریکا.
هەروەها حکومەتی ئەمەریکا گرنگییەکی تایبەت بە پاراستن و باشترکردنی پارکە نیشتمانییەکان دەدات. بۆ نموونە لە مانگی یەکی ساڵی 2025، بەڕێوبەرایەتی دۆناڵد ترامپ فەرمانێکی جێبەجێکردنی دەرکرد بە ناوی "جارێکی تر ئەمەریکا جوان بکەینەوە بە باشترکردنی پارکە نیشتمانییەکان" کە جەخت لەسەر پاراستنی پارکە نیشتمانییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکاتەوە و داوای باشترکردنی خزمەتگوزاری و ژێرخان و چارەسەرکردنی کێشەی پارکەکانی کرد.
بەڕێوبەرایەتی دوناڵد ترامپ هەروەها ڕایگەیاند زیادکردنی پارەی بلیت بۆ گەشتیارانی بیانی دەتوانێت داهاتی زیاتر بۆ پاراستن و چاککردنەوە و باشترکردنی ژێرخانی پارکە نیشتمانییەکان دابین بکات.
لە کاتێکدا 250 ساڵ بە سەر دامەزراندنی ئەمەریکا تێدەپەڕێت، گرنگیدان بە میراتێکی وەک پارکە نیشیمانییەکان مانایەکی تایبەتی هەیە و ئەویش ئەوەیە ئەگەر بینا و شارەکان هێمای پێشکەوتنی ئەمەریکان، ئەوا پارکە نیشتمانییەکانیش دەتوانن هێمای ڕێزگرتنی وڵاتەکە بن بۆ سروشت و نەوەکانی داهاتوو.