واشنتن خۆی بۆ یەکێک لە ناوازەترین ڕووداوەکانی ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی ئەمەریکا ئامادە دەکات. پێشبڕکێیەکی گەورە کە تێیدا بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلی ئیندیکار دەهێنێتە سەر شەقامەکانی پایتەختی ئەمەریکا لە دەوروبەری مۆڵی نیشتمانی شارەکە.
پێشبڕکێی گەورەی ئازادی 250 (Freedom 250 Grand Prix) بڕیارە لە ڕۆژانی 22 و 23ی مانگی هەشت لە واشنتن بەڕێوەبچێت و یەکێکە لە گرینگترین ئەو کارانەی لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە سەردەمی سەرۆک دۆناڵد ترامپدا بەڕێوەدەچن. ئەم چالاکییە کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ترامپەوە پاڵپشتی دەکرێت، مەبەست لێی تێکەڵەیەکە لە وەرزش و نیشتمانپەروەری و نمایشکردنی لێهاتوویی ئەمەریکاییەکان لە بواری ئۆتۆمبێل و پێشبڕکێدا.
بۆ پێشبڕکێکە، بەشێک لە ناوەندی شاری واشنتن گۆڕدراون بۆ ڕێڕەوێکی کاتی کێبڕکێکە؛ ڕێڕەوێکی 1.7 مایلی و حەوت شوێنی سوڕانەوە کە لە نزیک هەندێک لە گرنگترین هێما مێژوویی و سیاسییەکانی ئەمەریکاوە تێدەپەڕێت.
ئۆتۆمبێلەکانی پێشبڕکێکە بە شەقامی پێنسیلڤانیا و ئەرشیفی نیشتمانی و بەشێک لە مۆڵی نیشتمانیدا تێدەپەڕن و لە هەندێک بەش لە ڕێگاکەدا دەتوانن خێراییەکانیان بگاتە 185 مایل لە کاتژمێرێکدا.
سەرۆک ترامپ لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیەوە هەوڵیداوە یادی 250 ساڵەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی تایبەت بکاتە. بۆنەیەکی نیشتمانی گەورە کە مێژوو و ئاڵا و سەربازی و وەرزش و هێما نیشتمانییەکان پێکەوە هەموو کۆبکاتەوە.
پێشبڕکێی گەورەی ئازادی 250 دەکەوێتە ئەم چوارچێوەیەوە و سەرۆک ترامپ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا فەرمانی جێبەجێکردنەکەی واژۆکرد بۆ ئەنجامدانی کێبڕکێکە، بەمەش بووە بەشێک لە زنجیرەیەک بۆنە بۆ یادکردنەوەی ئەو یادە مێژووییە.
هەروەها ئەم پێشبڕکێیە گرنگە چونکە یەکەمجارە ئۆتۆمبێلی ئیندیکار دێتە سەر شەقامەکانی واشنتن. ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە دەڵێن ئامانج لێی دروستکردنی ڕووداوێکی وەرزشی نیشتمانییە کە هێز و میراتی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی ئەمەریکایی دەکاتە بەشێکی گرنگ لە ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی یادکردنەوە.
ئامادەکارییەکان بۆ پێشبڕکێکە لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە، بەشێک لە ناوەندی شاری واشنتنی گۆڕیوە. بەدرێژایی ڕێگاکە بەربەست و پەرژێن و تابلۆی تایبەت دانراون و ئەو شەقامانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی هاووڵاتیان و گەشتیاران زۆر سەردانی دەکەن، لە ئێستادا تەرخان کراوە بۆ پێشبڕکێکە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕووداوە، ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلەکان کە لە نێوان هێما مێژووییە ئەمەریکاییەکانەوە تێدەپەڕن. لە بینای کۆنگرێسەوە و ئەرشیفی نیشتمانییەوە بگرە تا دەگاتە مۆڵی نیشتمانی و مۆزەخانەکانی سمیتسۆنییەن.
بەم شێوەیەش ئاهەنگی 250 ساڵەی ئەمەریکا لە واشنتن تەنها لە شێوەی ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بەڕێوەناچێت، بەڵکو شارەکە خۆی دەبێتە قۆناغی سەرەکی ئاهەنگەکە؛ ڕێبازێک کە هاوتەریبە لەگەڵ جەختکردنەوەکانی سەرۆک ترامپ لەسەر ئەنجامدانی بۆنە گەورە و گشتیەکان بۆ پیشاندانی مێژوو و دەسەڵاتی ئەمەریکا.
ڕێکخەرانی پێشبڕکێکە پێشبینی دەکەن هەزاران کەس بێنە ناوەندی شاری واشنتن بۆ بینینی پێشبڕکێکە. بلیتی گشتی بۆ چالاکییەکە بەخۆڕاییە و پێشوازییەکەش سەرنجڕاکێش بووە.