کۆمەڵێک سیناتۆر داوا لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەکەن ماوەی پاراستنی کاتی بۆ ئەو هاووڵاتییە سودانیانەی کە لە ئەمەریکا دەژین درێژ بکرێتەوە. سیناتۆرەکان دەڵێن سودان هێشتا وڵاتێکی نائارامە و بەهۆی بەردەوامی شەڕی ناوخۆ و توندوتیژییەوە ڕووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بووەتەوە.
ماوەی پاراستنی کاتی بەرنامەیەکی مرۆیی کۆچبەرییە کە ڕێگە دەدات خەڵکی ئەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی شەڕ یان کارەساتی سروشتی یان دۆخی نائاسایی دەبنەوە بە شێوەی یاسایی و کاتی لە ئەمەریکا بمێننەوە و کار بکەن. لە ئێستادا نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس لە چەندین وڵاتی جیاواز سوود لەم بەرنامەیە وەردەگرن.
ئەو سیناتۆرانە نامەیەکیان ئاراستەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە و تێیدا دەڵێن بارودۆخی سودان هێشتا ئەو مەرجانەی تێدایە کە شایستەی درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی کاتییە. لە 15مانگی چواری 2023ەوە، شەڕ لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڵگیرساوەو سودان بەردەوام ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورەبووەتەوە.
بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، جەنگی سودان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 14 ملیۆن کەس و ڕێکخراوە مرۆییەکانیش بەردەوام هۆشداری لەبارەی برسیەتی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و مەترسیی قاتوقڕی لە هەندێک ناوچەی سودان دەدەن.
ماوەی پاراستنی کاتی بۆ سودان بڕیارە لە 19ی مانگی دەی ئەمساڵ کۆتایی بێت. سیناتۆرەکان داوا دەکەن ماوەکە بۆ 18 مانگی تر درێژ بکرێتەوە. ئەگەر حکومەت ئەم داوایە قبووڵ بکات ئەوا ئەو هاووڵاتییانەی سودان کە ئێستا لە ژێر ئەم بەرنامەیەدان مافی مانەوە و کارکردنیان لە ئەمەریکا دەبێت.
بەپێی یاسایاکانی ئەمەریکا، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆیی بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی وڵاتەکە دەکات. لەو هۆکارانەش کە لەبەرچاو دەگیرێن بریتین لە شەڕی چەکداری و بارودۆخی مرۆیی و ئارامی و ئاسایش و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.
سیناتۆرەکان دەڵێن کە وەزارەتی دەرەوەی هێشتا سودانی لە ئاستی 4ی هۆشیاری سەفەر داناوە، واتە بە هاوڵاتییانی ئەمەریکا دەوترێت کە سەفەر بۆ سودان نەکەن و هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە خەرتوم لە ساڵی 2023ەوە داخراوە و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە سودان پێویستییان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە.
ئەمە یەکەم جار نییە سودان لە بەرنامەی ماوەی پاراستنی کاتی دابێت. یەکەم جار لە ساڵی 1997دا خرایە ناو ئەم بەرنامەیە و تا ساڵی 2021 چەندین جار ماوەی پاراستنەکەی درێژ کرایەوە. لە ساڵی 2022دا دووبارە بۆ ئەم بەرنامەیە دیاری کرا و دوای هەڵگیرساندنی شەڕ لە ساڵی 2023 چەند جارێک ماوەکەی درێژ کراوەتەوە. بەپێی ئامارەکان نزیکەی 2,000 هاووڵاتی سودانی ئێستا سوود لەم بەرنامەیە وەردەگرن.
چاوەڕوانی دەکرێت لە چەند هەفتە داهاتوودا، حکومەتی ئەمەریکا بڕیار لەسەر درێژ کردنەوەی ماوەی پاراستنی کاتی بۆ هاوڵاتییانی سودان دەدات.