ترامپ دانوساندنی ژێربەژێر لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئێران پشتراستکردەوە و داوای "خۆبەدەستەوەدانی" ڕێژمەکە دەکات

Trump

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، پشتراستیکردەوە کە ئەمەریکا لە پەیوەندی ژێربەژێر ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە لایەکی دیکەشەوە داوای لەو ڕێژمەکرد کە "خۆی بەدەستەوەبدات".

ئەم سەرنجانە لە کاتێکدان کە ڕێکەوتنی کاتی لەگەڵ ئێران کە لە 18 مانگی شەشدا واژۆ کرا بەرەو بەسەرچوون دەچێت بەبێ گەیشتنە رێکەوتن لەبارەی کردنەوەی گەرووی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کە خاڵی سەرەکییە لە بەڵێننامە لێتێگەشتنە چواردە خاڵییەکەی لەلایەن پاکستان و قەتەرەوە سازدرابوو. هەردوولا ئەمەریکا و ئێران یەکدییان بە پێشێلکردنی رێکەوتنەکە تۆمەتبارکردووە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، ترامپ وتی کە ئێران لە سەرەمەرگدایە و وەک قومارچییەکی شارەزا یاریی بە دەستەکەی دەکات، و هانی رژێمەکەیدا کە "پێویستە ئاڵای سپی هەڵبکەن و خۆبەدەستەوەبدەن."

سەرۆک هیچ وردەکاریی دیکەی نەخستەڕوو لەبارەی گفتوگۆی ژێربەژێر لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئێران. لەدوای دەستپێکی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لە 28 مانگی دووی ئەمساڵدا کە بووە مایەی کوژرانی رێبەری باڵا ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، بەرپرسانی ئەمەریکا سەرکردایەتی ئێران بە "پەرتبوو" وەسفدەکەن.

ترامپ وتی کە "لەئەتۆمخستن"ی ئێران کرۆکی ستراتیژی ئەوە بەرامبەر ئەو ووڵاتە. لە سایەی ئەم رێکەوتنە کاتییەدا، ئێران پابەندبووە بەوەی کە چەکی ئەتۆمی نەکڕێت و گەشەپێنەدات.

ترامپ رۆژی دووشەممە لە تروس سۆشیەڵ دووپاتیکردەوە "ئامانجی یەکەم، هەمیشە، ئەوەدەبێت کە نابێت ئێران بە هیچ جۆر و رێگە و شێوازێک چەکی ئەتۆمیی هەبێت."

لە وەڵامی پرسێکدا لەبارەی گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان ئێران و عوماندا لەبارەی ئیدارەدانی گەرووی هورمز، ترامپ هۆشداریی دایە مەسقەت لە پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەبارەی کردنەوەی گەرووەکە.

"ئەگەر عومان ببێتە رێگر، ئەوە تەفروتونایان دەکەین" ترامپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ فۆکس نیوز ئەمەی وت.

ئیسماعیل باغایی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووشەممە رایگەیاند کە گفتوگۆکان لەگەڵ عومان لەبارەی ئیدارەدانی گەرووی هورمز بەردەوامن بەڵام کاتی دەوێت بۆ گەیشتن بە کڵێشەی کۆتایی لەبەرئەوەی "مەسەلەکە یەکجار ئاڵۆزە".

هەروەها لۆمەی ئەوانەشیکرد کە وەسفیکردن بە "کاراگەرێک کە هەوڵی کارکردنە سەر پرۆسەکە" کە هەوڵی درێژەدان بە گەیشتنەئەنجامی گفتوگۆکان دەدەن.

کۆمپانیای کپلەر کە کاری شوێنزانینی کەشتییەکان دەکات رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە هاتووچۆ بە گەروی هورمزدا هەفتەی رابردوو بەهۆی زیادبوونی مەترسی، کزبووە. کۆمپانیاکە ووتیشی کە تێپەڕبوون بە ڕێژی 19.5% کەمیکردووە، کە لە 118 تێپەڕبوون لە هەفتەری پێشووتردا، هەفتەی رابردوو دابەزیووە بۆ 95 تێپەڕبوون. و وتیشی کە رۆژی یەکشەممە تێپەڕبوون بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و تەنها تێپەڕبوونی سێ کەشتی تۆمارکراوە.

ڕێکخراوی بەریتانی بۆ ئاسایشی دەریایی UKMTO سێ هێرشی بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی لە رۆژی هەینی لەناو یان لە نزیک گەرووەکە تۆمارکرد.