وەزارەتی پێشمەرگە هێرشە درۆنییەکەی سەر پیرمام بەتوندی شەرمەزار دەکات و داوای هەڵوێستی جدی لە بەغدا دەکات

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت،" هێرشە درۆنیەکەی سەر نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، لە سنووری ئێرانەوە کراوە و ئەم دەسترێژیە ناڕەوایە پێشێلکاریەکی ئاشکرای سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هەروەها بەئامانجگرتنی پێگە دەستوری و یاساییەکان و پێشێلکردنی سەروەریە."

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر و هەوڵیداوە هەموو گرفتەکان لەڕێگای گفتوگۆوە یەکلایی بکاتەوە و ئەم دەسترێژییە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و ناوچەکە مەترسیدارە، داواش لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد، هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.

ئەمڕۆ دوو شەممە 17ی مانگی نۆی 2026 کاتژمێر دوانزە و 28 خولەک، دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە کە لەسنوری ئێرانەوە بە دوو درۆن لە جۆری حەید 110 هێرشکراوەتە سەر ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.

دوا بەدوای هێرشەکە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و باسی لەوەکرد،" بە پێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژە تیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ ئۆفیسی تایبەتی من و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، لە هێرشێکی درۆنی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج."

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد هێرشەکە ناڕەوا و قبوڵنەکراوە و ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، هێزە ئاسایشیەکان لەسنوری پارێزگای هەولێر هەموو ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنیان گرتووەتەبەر و لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی شوێنی هەڵدانی درۆنەکان.

دۆرنی جۆری حەدید 110 یەکەمجارە ئێران بەکاریدەهێنێت و توانای هەڵگرتنی 30 کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە و خێرایەکەی 510 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

بێکەس قادر شیکەرەوەی سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم هێرشە زۆر مەترسیدارە، چونکە هەرێمی کوردستان بێ لایەن بووە لە جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەڵام دیارە بێ لایەنیان قبوڵ نیە و دەیانەوێت ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدەن."

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئێران تائێستا چوار جار لە ناوخۆی عێراق و وڵاتی ئێرانەوە هێرشکراوەتە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و دواین هێرشیش نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی عێراق و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و بە پێشێلکاری گەورە بۆ سەر خاکی عێراق ناودەبەن.