ترامپ: ئامانجی سەرەکی و هەمیشەیی ئەمەریکا دەستڕانەگەییشتنی ئێرانە بە چەکی ئەتۆمی

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ''ئامانجی یەکەم و هەمیشەیی ئەمەریکا دەستڕانەگەییشتنی ئێرانە بە چەکی ئەتۆمی.''

سەرۆکی ئەمەریکا بۆ جارێکی دیکە دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا دەستبەرداری ئامانجە سەرەکییەکەی نابێت. ئەمەش دوای قسەکانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس لەو بارەیەوە دێت.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دوو ئامانجی سەرەکی و هەنووکەیی ئەمەریکای خستە ڕوو کە بریتیبوون لە دابینکردن و هەرزانکردنی نرخی سوتەمەنی بۆ خەڵکی ئەمەریکا و دەستڕانەگەییشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم.

قسەکانی ڤانس پرسیاری دروست کردبوو کە ئایا ئەمەریکا ئامانجی هاوشێوە یان لە پێشینەتری هەیە.

پۆستەکەی سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروز دووبارە جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەمەریکا بەرانبەر ئێران نەگۆڕە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆک ترامپ لە پۆستێکی دیکەیدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی مەککە کردووە کە عەرەبستانی سعودیە و تورکیا و پاکستان بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆیان لەسەر کردووە.

سەرۆک ئەو ڕێککەوتنەی بە هەنگاوێکی ئەرێنیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن.