هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ پێشخستنی پلانی ئاشتی بۆ غەززە؛ کوشنەر لەگەڵ نێوەندگیران و نوێنەرانی حەماس کۆدەبێتەوە

نێردەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە 16ی مانگی هەشت لەگەڵ بەرپرسانی حەماس و نێوەندگیرانی میسر، قەتەر و تورکیا لە قاهیرە کۆبونەوە بۆ پێشخستنی پلانی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە غەززە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتکارێکەوە بڵاویکردووەتەوە جەرێد کوشنەر و نیکۆلای ملادینۆڤ، نێردەی ترامپ بۆ غەززە، لەگەڵ نێوەندگرانی میسر، قەتەر و تورکیا لە قاهیرە کۆبوونەوە و بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماسیش لە هەندێک لەو کۆبوونەوانەدا ئامادەبوون.

هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە بەرپرسانی حەماس لە میسر لەگەڵ کوشنەر کۆبوونەتەوە.

ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا حەماسیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی خۆی بڵاویکردەوە، حەماس لە کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە دووپاتکردووەتەوە، هاوکات کوشنەر جەختی لە چەکداماڵینی تەواو و جددی حەماس و کۆتاییهێنان بە هەر ڕۆڵێکی ئەو گرووپە لە بەڕێوەبردنی غەززە لە داهاتوودا کردووەتەوە.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە کوشنەر و ملادینۆڤ لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببنەوە.

نەتانیاهۆ چەند ڕۆژ پیش ئێستا ڕایگەیاند کە پلانی ئاشتی بۆ غەززە کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت، پێ قبوڵ نییە.

هەروەها وتی "سوپای ئیسرائیل ناکشێتەوە تا حەماس بەڕاستی لە چەک دانەماڵیت بە تەواوی و بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان بۆ سەر هێزەکانمان و هاووڵاتییانمان."

بەرپرسێکی ئیسرائیلی وتی حکومەتی نەتانیاهۆ نیگەرانە لە داواکاری واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی ئەندامانی حەماس لە غەززە لەکاتێکدا گروپەکە هێزەکانی خۆی رێکدەخاتەوە.

پلانی ئاشتی ترامپ داوای وەستاندنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات لە غەززە. بەپێی ئەو پلانە، پێویستە حەماس چەک بکرێت و لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی خاکەکە بە سەرکردایەتی حکومەتێکی نوێی مەدەنی فەلەستین دەستپێدەکات.

ئیسرائیل دوای کەمکردنەوەی هێرشەکانی لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، فڕۆکەکانیان دوو ئەندامی جیهادی ئیسلامی و حەماسیان لە خان یونس و نوسرە کردووەتە ئامانج.

سەرەڕای ئەم گرژییە بەردەوامانە، ڕاوێژکارییەکانی قاهیرە و کۆبوونەوەی پلان بۆ داڕێژراوی نێردراوانی سەرۆک ترامپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەن بۆ بەردەوامی هەوڵە چڕەکانی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی و چەکداماڵینی حەماس و دامەزراندنی پێکهاتەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.