پەنتاگۆن لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی بەرگری ئەمەریکی ڕێکدەکەوێت بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکی ڕێگریکردن

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی بەرگریی بۆ دروستکردنی موشەکی ڕێگری SM-3 و پێکهاتەکانی بە شێوەیەکی خێراتر و بە بڕی زۆرتر.

وەزارەتی جەنگ ڕایگەیاند کە بابەتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ دوو کۆمپانیاکە، بۆوینگ و ئاڕ تی ئێکس، راگەیاندووە، و ئاماژەشی بەوەداوە کە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان موشەکی ستانداردی-3 بلۆک ئای بی (SM-3 IB) و هەروەها زیادکردنی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی موشەکی ستانداردی -3 بلۆکی ئای ئای ئەی (SM-3 IIA) دەگرێتەوە.

موشەکی ستانداردی-3 بلۆکی ئای بی دروستکراوە بۆ رێگریکردن و تێکشکاندنی موشەکی بالیستی لەکاتی فڕینیدا، لەکاتیكدا موشەکی ستانداردی-3 بلۆکی ئای ئای ئەی مەودا و توانایەکی زیاتری هەیە و هەروەها دەشتوانێت بەرپەرچی هەڕەشەی موشەکی بالیستی ئاڵۆزتر بداتەوە. هەردوو ئەم سیستەمانە دەکرێت لە کەشتیەوە و لەسەر وشکانییەوە بهاوێژرێن.

پەنتاگۆن وەسفی موشەکی ستانداردی-3 Block IIA و Block IB وەک "بڕبڕەی پشتی سیستەمی بەرگریی موشەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکان" کردووە. هەروەها ئەوەشی وتووە کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە ئەو موشەکانە خێراتر بەرهەمدەهێنرێن. ئەوەشی وتووە کە بۆوینگ پێشەنگیی دەکات لە بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی مووشەکەکان، ئەمەش ئامادەسازییەکە کە پەنتاگۆن وەسفی دەکات وەک "راستەوخۆ بەرهەمێنان لە کارگەوە بۆ کەشتییەکان خێراتردەکات."

وەزارەتەکە رۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "هەردوو رێککەوتنەکە بەرهەمهێنانی زنجیرەیەک لە موشەکی رێگریی تەقێنراو لە کەشتییەوە بۆ ئاسمان بەهێزتردەکەن کە ئەمەش کۆمەکی سیستەمی بەرگریی موشەکیی ئیجە دەکات و دەبێتە بڕبڕەی پشتی بەرگریی موشەکیی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەناو وڵات و لەدەرەوە"

مایکڵ پی. دەفیی، یاریدەدەری وەزیری جەنگ بۆ دەستخستن و بەردەوامیدان، ووتی ئەو رێکەوتنە راگەیندراوانە زامنی ئەوە دەکەن کە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا "ئەو جبەیەیان دەستدەکەوێت کە پێویستیانە بۆ بردنەوە."

هەروەها دەفیی لە ووتەکەیدا ووتی "ئێمە کاردەکەین بۆ سەقامگیرکردنی زنجیرەی دابینکردن، فراوانکردنی بەرهەمهێنانی جبە و دانانی تەواوی بناغەی پیشەسازیی سەربازییمان لەسەر رێچکەی کاتی جەنگ."

راگەیاندنەکەی پێنتاگۆن لەکاتێکدایە کە راپۆرتە میدیاییەکان وەهای دەخەنەڕوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دووچاری کەمیی جبە و تەقەمەنی بووبێتەوە لەوادەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، ئەم دەنگۆیانەش بە توندی لەلایەن پێنتاگۆن و کۆشکی سپییەوە رەتدەکرێنەوە.

شۆن پارنێڵ، ووتەبێژی سەرەکیی پێنتاگۆن، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا "هەموو ئەوانەیان هەیە کە پێویستن بۆ هێرشکردن لەو کات و شوێنانەی کە سەرۆک هەڵیاندەبژێرێت."