سێنتکۆم یەکەم هێزی فرەنەتەوەیی بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر دروست دەکات

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، کار لەسەر دروستکردنی یەکەم هێزی ئەرکی فرەنەتەوەیی لە چەند ناوچەیەک دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر.

سێنتکوم لە پۆستێکی خۆی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس دەڵێت یەکە نوێیەکە، بە ناوی "هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرایی لێدانی هەڵۆیە"، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری تاک مەبەست بەکاردەهێنێت. ئەو درۆننە کە لەم هێزەدا بەکار دێن بریتین لە سیستەمی بێفڕۆکەوان کە لە ئاسمان و لەسەر زەوی و ژێر ئاودا کاردەکات.

سیستەمەکان لەلایەن تیمەکانی پشتیوانی سەربازی ئەمەریکا و هاوبەشە ناوخۆییەکانیەوە بەڕێوەدەبرێن.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا وتی: سوپای ئەمەریکا هاوبەشییەکی بەهێزی زۆر و دۆستایەتی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە.

براد کوپەر گوتیشی: یەکخستنی توانا نوێیەکانمان و بەکارهێنانیان پێکەوە یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ ئەوەی بە خێرایی سوود لەو توانا نوێیانە وەربگرین کە چاوەڕێمان دەکەن و لە بەردەممانن.