دەستگیرکردنی تۆڕێکی هاوسەرگیری ساختە کە گرین کاردی بۆ سەدان بیانی دابین کردووە

Логотип Министерства юстиции США

دەسەڵاتدارانی فیدراڵی ئەمەریکا 11 کەسیان تۆمەتبار کرد بە بەڕێوەبردنی گەورەترین تۆڕی هاوسەرگیری ساختە. بەپێی بەیاننامەیەکە نووسینگەی دادوەری فیدراڵی باشووری نیویۆرک، تاوانباران لە ماوەی نزیکەی دە ساڵدا زیاتر لە هەزار هاوسەرگیری ساختەیان ڕێکخستووە بۆ بەدەستهێنانی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (گرین کارت) بۆ خەڵکانی بیانی، کە زۆربەیان هاووڵاتی چین بوون.

تاد بڵانش، وەزیری دادی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، " وەزارتی داد ساختەکاری لە هەر شوێنێک هەبێت ڕیشەکێشی دەکات، لەنێویاندا سیستەمی کۆچبەریی ئەمەریکا. ئەو کەسانە دەستگیرکراون بە گومانی بەڕێوەبردنی پلانێک بۆ ئەوەی خەڵکانی بیانی لە ڕێگەی هاوسەرگیری ساختەوەو بە شێوەی نایاسایی مافی هاووڵاتیی ئەمەریکایی بەدەستبهێنن. ئەم جۆرە پیلانانە بە ئەنقەستن و دژی ئەمەریکا و یاساکانی ئەم وڵاتەن و ئیدارەی ترامپ قبوڵیان ناکات."

داواکارانی گشتی دەڵێن ئەم تۆڕە لە چەندین ویلایەتی ئەمەریکا و لە دەرەوەی ئەمەریکا چالاکی هەبووە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەندامانی تۆڕەکە پارەیەکی زۆریان لە داواکاران وەردەگرتووە، کە لە هەندێک حاڵەتدا گەیشتووەتە 100 هەزار دۆلار بۆ ڕێکخستنی هاوسەرگیری ساختە و یارمەتیدان لە بەدەستهێنانی گرین کارد.

دەسەڵاتداران دەڵێن هەندێک هاووڵاتی ئەمەریکایی هان دراون و پارەیان پێدراوە بۆ بەشداریکردن لە هاوسەرگیرییە ساختەکاندا. بەپێی تۆمەتەکان، ڕێکخەرانی تۆڕەکە سەرپەرشتی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی ساختەیان کردووە و کەیسیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکانی کۆچبەریدا داواکاران وەڵامی نادروست بدەنەوە بۆ بەدەستهێنانی گرین کارد.

کاربەدەستان جەختیان کردەوە ئەم لێکۆڵینەوەیە تەنها ئامانجی ڕیشەکێشکردنی ساختەکارییە و دژی ئەو کۆچبەرانە نییە کە بە شێوەی یاسایی هەوڵی وەرگرتنی مافی مانەوە یان بوون بە هاووڵاتی ئەمەریکی دەدەن.

پیت گیزاس، سەرپەرشتیاری دەزگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتیمانی (HSI) لە نیویۆرک، وتی"کاتێک ساختەکاران بە شێوەی نایاسایی کەڵک لە سیستەمەکە وەردەگرن، تەنها یاسا ناشکێنن، بەڵکو فێڵ لەو کەسانەش دەکەن کە پابەندی یاسان وە متمانەی خەڵکیش بە دامەزراوە فەرمی و یاسایییەکان لاواز دەکەن."

بەپێی بەیاننامەکە، دە کەس لە 11 تاوانبارکراوەکە دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی تۆمەتە فیدراڵییەکان دەبنەوە، لەوانەش پیلاندان بۆ رێکخستنی هاوسەرگیری ساختە و کۆچبەری نایاسایی و هاندانی مانەوەی نایاسایی بیانییەکان لە ئەمەریکادا. ئەگەر دادگا حوکمیان بدات ئەوا هەندێک لەو تۆمەتانە سزای زیندان تا 10 ساڵیان لەسەرە.